دیمه‌نى دوو ئێزدی له به‌رامبه‌ر په‌رستگاى لالش... وێنه: بنكه‌ى رۆشنبیری لالش.
چه‌ك و نێرگله و ئامێرى موزیك لە قه‌ده‌غەکراوەکانن
ئه‌نجومه‌نى باڵاى روحانى ئێزدیه‌كان بۆ (جه‌ژنى جمایی) چه‌ند شتێكی قه‌ده‌غه‌كرد
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ئه‌نجومه‌نى باڵاى روحانى ئێزدیان، ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ به‌ڕێوه‌چوونى جه‌ژنى جمایی ته‌واوكردووه و له كۆبوونه‌وه‌یه‌كیشیاندا كه میر حازم ته‌حسین به‌گ میرى ئێزدیان سه‌رۆكایه‌تى كرد، چه‌ند بڕیارێكی نوێیان راگه‌یاند كه قه‌ده‌غه‌ى چه‌ند شتێكى كردووه.
به‌پێى بڕیاره‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه رۆژى دیاریكراو بۆ به‌ڕێوه‌چوونى جه‌ژنى جمایی له رێكه‌وتى 13.10.2024 به‌ڕێوه‌ده‌چێت و پێویستیشه ته‌واوى سه‌ردانیكه‌ران به‌جلوبه‌رگى گونجاو به‌شدارى مه‌راسیمی جه‌ژنه‌كه بكه‌ن.
ئاگادارى هاوڵاتیانى ئێزدی كراوه‌ته‌وه كه له سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى مه‌راسمیه‌كه پێڵاوه‌كانى خۆیان له‌ده‌ره‌وه‌ى په‌رستاى لالش دابنێن و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌كیش پاكوخاوێنى په‌رستگاكه بپارێزن.
له‌و بڕیاره‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش كه قه‌ده‌غه‌ى هه‌ندێك شتى كردووه، بڕیاردراوه به قه‌ده‌غه‌كردنى هه‌ر ئامێرێكی موزیك و شایی بۆ ناو په‌رستگا و به‌كارهێنانى نێرگله و هێنانى چه‌كیش بۆناو په‌رستگاكه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه كراوه.
هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ى سه‌ره‌وه له‌لایه‌ن بنكه‌ى لالشه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه بنكه‌یه‌كه سه‌رپه‌رشتى چالاكییه رۆشنبیر و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى په‌رستگاى لالش ده‌كات.