خوانەکەی زستان

کابانەکانی هەورامان دەستیان بە ئامادەکردنی ترخێنە کرد

964+

ئەمەل ناجی – ھەورامان

ترخێنە خواردنێکی کوردەوارییە، زیاتر لە ناوچەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەورامان ئامادەدەکرێت، ئەگەرچی زۆرتر لە زستاندا لێدەنرێت، بەڵام دەبێت لە سەرەتای پایزەوە ئامادەکاری بۆ درووستکردنی بکرێت، چونکە درووستکردنەکەی زیاتر لە دوو ھەفتەی پێدەچێت، وە لەکاتی پێگەشتنی گەڵای شێلمدا دەستدەکرێت بە درووستکردنی.

ترخێنە لە بڕوێش و گەڵای شێلم و سەلکی شێلمەکە درووستدەکرێت، دوای کوڵاندنی بڕوێشەکە، و ساردبوونەوە، لەگەڵ گەڵا و سەلکی شێلمەکە، تێکەڵدەکرێت و لەناو سەتڵدا دادەنرێت، ھەتا ترشدەبێت و پێدەگات، دواتر وشکدەکرێتەوە و ھەڵدەگیرێت و لە زستاندا لێدەنرێت.

حەمدیە حەمەساڵح، کابانێکی دەستڕەنگین و لێزانە لە گوندی ئەحمەد ئاوای ناوچەی هەورامان سەرقاڵی تێکەڵکردنی بەرهەمەکان و ئامادەکردنی ترخێنەکەیە، کە ئەوەی بەکاریدەهێنێ و کوردییە و دروستکراوی ناوچەکەیە.

ترخێنەکە، ھەر ناوچەیەک و بە شێوازی خۆی لێیدەنێت، کەرەستەی لێنانەکەی لە ناوچەیەک بۆ ناوچەکەی دیکە، و لە خێزانێک بۆ خێزانێکی دیکە، و بە پێی سەلیقەی خێزانەکە دەگۆدێت، لە ھەندێک شوێن تەنیا نیسک، نۆک، و دۆشاوی تەماتەی تێدەکرێت، و لە ھەندێک ناوچەی دیکە، نیسک، نۆک، ماش، چەوەندەر، کشمیش، ھەڵوژە، و گۆشتیشی تێدەکرێت.

لە رۆژانی باران و سەرمادا، ھەمیشە لێنانی ترخێنە بژاردەیەکی سەرەکییە، چونکە گەرمی بە لەش دەبەخشێت و بە پێی باوەڕی خەڵکی رێگری دەکات لە پەتا و نەخۆشییە وەرزییەکان.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

ترخێنە لە گەڕەکێکی بەغدا بووەتە خواردنی سەرەکی

ترخێنە لە گەڕەکێکی بەغدا بووەتە خواردنی سەرەکی