ژمارەیان 1500 کەسە

کارمەندى ناوخۆ و پێشمەرگەن کەچى لە چاودێرى کۆمەڵایەتى ناوى خۆیان وەک نەدار تۆمار کردووە

964+
كاروان ساڵحی-كەركوك

پەیتا پەیتا ئەو کارمەندانەى وەزارەتى ناوخۆ و هێزى پێشمەرگە کە دانیشتووى کەرکوکن و موچەیەکیان لەسەر هەرێمە و موچەیەکى دیکەیان لەسەر حکومەتى عێراقە، رۆژانە روو دەکەنە تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى و موچەیەکیان دەبڕن و ئەوەى لە تۆڕەکەش وەریان گرتووە لێیان وەردەگیرێتەوە.

ئەحمەد یەحیا، بەڕێوەبەری بەشی پیاوانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتیی كەركوك بە 964ـى وت، بەپێی رێككەوتنێكی نێوان هەرێم و بەغدا و بەپێى ئەو سیدى داتایەی لە فەرمانگەی گشتی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتییە، هەزار و 560 كارمەندی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان خاوەن دوو موچەن.

وتیشی،”تا ئێستا نووسراوی ئەستۆپاكی بۆ 800 لەوانەی خاوەن دوو موچەن كراوە و هەروەها 200 كارمەند و پێشمەرگە تا ئێستا كێشەیان هەیە لە گەڕانەی ئەو بڕە پارەیەی، كە وەریان گرتووە، کە دەتوانن لەیەك شوێن بیگەڕێننەوە یان بە قیست بیگەڕێننەوە”.

ئاشکراشى کرد، 560 کارمەندى ناوخۆ و پێشمەرگە، تا ئێستا سەردانى فەرمانگەکەیان نەکردووە و ئەستۆپاکیان نەکردووە.

“ئەو كەسانەی پارەكە بە شێوەی قیست دەگەڕێننەوە، هیچ پارەیەكی زیادەیان لێ وەرناگیرێت، بەڵام دەبێـت فەرمانبەرێكی حكومەتی عێراقی ببێت بە كەفیلی، تا بە قیست ئەو پارەیەی وەریگرتوە بیگەرێنێتەوە”، بەڕێوەبەری بەشی پیاوانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی كەركوك واى وت.

وەک باسى دەکات، ئێستا پێداچوونەوەکە تەنیا بۆ هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەیە و پاشان بۆ فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێم دەکرێت .

موچەى هێزە ئەمنییەکان چ پەیوەندى بە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی كەركوكەوە هەیە، وەک ئەوەى بەڕێوەبەرەکەى روونیکردەوە، ئەوان لە تۆڕەکەیان موچە دەدەن بە خەڵکى کەمدەرامەت و ئەوانەى هیچ موچەیەکیان نییە، ئەو کارمەندانەى هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەش کە ژمارەیان 1500 کەسە، لە هەرێم موچە وەردەگرن و لە تۆڕەکەش ناوى خۆیان تۆمارکردووە، کە خاوەنى هیچ موچەیەک نین.

ئەو موچەیەى تۆڕەکە دەیدات، مانگانە لە نێوان 125 هەزار دینار تا 315 هەزار دینارە بە پێی ژمارەی منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

دوای هاتنی دوو موچە کۆمێنتی سۆشیال میدیا پڕ بووە لە نوک...

دوای هاتنی دوو موچە کۆمێنتی سۆشیال میدیا پڕ بووە لە نوکتە