بە پاشماوەی خۆراک و رۆن رەش بووە

شارەوانی سلێمانی: شەقامی دابان بە پاشماوەی خۆراک و رۆن رەش بووە

964+

ژووری هەواڵ

ماوەی دوو هەفتەیە بەشێک لە شەقامی دابان دوای نۆژەنکردنەوە کراوەتەوە بەڕووی هاوڵاتیان و شۆفێراندان، بەڵام شارەوانی سلێمانی دەڵێت کاسبکارانی شەقامەکە پاکوخاوێنی ناپارێزن و بەشێک لە شۆستەکانیان رەش کردووە.

ئەمڕۆ شەممە 28.9.2024، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە ئاگادارییەکدا بۆ کاسبکارانی شەقامی دابان رایگەیاند، بەزوویی هەستن بە پاككردنەوەی شەقام و شۆستەی بەردەم دوكانەكانتان، بە پێچەوانەوە رێكاری یاسایی لەدژیان دەگیرێتەبەر.

شارەوانی سلێمانی دەڵێت، ماوەیەکی کەمە شەقامەکە کراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە سیمای جوانی شۆستە و شەقامەكە لەلایەن زۆرێك لە دوكانی خواردن و دەستگێڕ و فیتەر و شوێنكارەكانەوە بونەتە هۆی پیسكردن و رەشكردنی شۆستە و ناشرینكردنی شەقامەكە بە پاشماوەی خۆراك و چەوری و رۆنی ئۆتۆمبێل.

“ئاگاداری هاوڵاتیان دەكەینەوە كە پێویستە موڵك و ماڵی دەوڵەت و جوانی شوێنە گشتییەكان بپارێزن، كە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان دانراوە، هاوكارمانبن لە پاكڕاگرتنی ژینگەی شارەكەمان”، شارەوانی سلێمانی وا دەڵێت.

لە رێکەوتی 14.9.2024، قۆناغی کەیەمی شەقامی دابان لە گەڕەکی کارێزەوشکی سلێمانی تەواو بوو، شارەوانی سلێمانیش بڕیاریدا سایدێکی شەقامەکە بکاتەوە.

مانگی رابردوو، مەهاباد شەریف، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری دوو سایدکردنی شەقامی دابان بە 964ـی وت، پرۆژەی دووسایدکردنی شەقامی دابان نزیکە کۆتایی بێت، بەڵام نزیکەی 14 دوکان و بینایەکی حکومی زیادەڕۆ هەن و کارەکانی سایدی شەقامی مەلیک مەحمودیان بەرەو کارێزە وشک پەکخستووە.

جێگەیەک لە پشتی ئەو شەقامەوە دیاریی کراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی دوکاندارەکان، شەقامەکە نزیکەی 700 مەتر دووسایدکراوە، بینا حکومییەکە موڵکی شارەوانییە و دەڕووخێندرێت.

سایدێکی شەقامی دابان لە گەڕەکی کارێزەوشک کرایەوە

سایدێکی شەقامی دابان لە گەڕەکی کارێزەوشک کرایەوە