چوار کەسن

یەکەم خێزانى پەنابەرى لوبنانى گەیشتنە عێراق

964+

وریا فەتاح

بەهۆى گرژییەکانى نێوان لوبنان و ئیسرائیل، یەکەم خێزانی پەنابەری لوبنانی گەیشتنە عێراق.

خێزانە لوبنانییەکە لە چوار کەس پێکهاتوون، ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتنە شارى کوت و لەلایەن محەمەد مەیاحى پارێزگارى واستەوە پێشوازییان لێکرا.

بەپێى قسەى محەمەد مەیاحى، پارێزگارى واست کە بۆ 964 قسەى کردووە، خێزانە لوبنانییەکە لە ترسى بۆردومان هەڵاتوون و دانیشتووى یەکێک لە گەڕەکەکانى بەیرووتى پایتەختن.

وەک ئەوەى پارێزگارى واست باسى دەکات، ئەو خێزانە لوبنانییە کەسوکارى دایکیان لە شارى کوت هەیە، بۆیە یەکێک لە خزمەکانیان شوێنى نیشتەجێبونى گونجاوى بۆ دابینکردوون.

“جۆش و خرۆشێکی زۆر لە نێو خەڵکدا هەیە بۆ پێشوازیکردن لە لوبنانییە ئاوارەبووەکان و هاوکاریکردنیان، بەو پێیەی گەلانی عێراق و لوبنان بە پەیوەندییەکی نزیکی بەزەیی و خۆشەویستی بەیەکەوە گرێدراون”، پارێزگارى واست وا دەڵێت.

جەختیش دەکاتەوە، پارێزگاکەیان و خەڵکەکەیان ئامادەن پێشوازی لە لوبنانییەکان بکەن، وەک خۆى دەڵێت،”ماڵ و دڵمان بۆیان کراوەیە”.

دامەزراوەى فریاکەوتنى لوبنان ئاشکراى کردووە تا ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەى کوژراوان لە سەرەتاى هێرشەكانى ئیسرائیلەوە بۆ هەزار و 540 کەس بەرزبووەتەوە.

دامەزراوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکراى کردووە، جگە لە کوژراوان پێنج هەزار و 410 کەسیش بریندار بوون.

“ژمارەى تۆمارکراوى ئاوارەکان 77 هەزار و 100 کەسى تێپەڕاندووە، کە لە 565 شوێنى وەک قوتابخانە و کۆمەڵگەى پەروەردەیى و ناوەندى کشتوکاڵى پەنادراون”، دامەزراوەى فریاکەوتنى لوبنان وادەڵێت.

هەرچەندە ئامارێکى دروست نەخراوەتەڕوو، بەڵام فریاکەوتنى لوبنان باس لەوە دەکات هەزاران کەس لەگەڵ خێزانەکانیان لوبنانیان جێهێشتووە، ئەوە جگە لەوەى تەنیا لە دوو رۆژى رابردوودا 15 هەزار و 600 هاوڵاتى سوورى و 16 هەزار و 130 هاوڵاتى لوبنانى، خاکى لوبنانیان بەرەو سووریا جێهێشتووە.

هەر ئەمڕۆش، 44 بریندارى گرژییەکانى لوبنان گەیشتنە کەربەلا و لە نەخۆشخانەى زەینولعابدین چارەسەریان بۆ دەکرێت.

ژمارەى کوژراوانى لوبنان 1500 کەسى تێپەڕاند

ژمارەى کوژراوانى لوبنان 1500 کەسى تێپەڕاند