مام عەوڵا داو بە دەرزیی هونەرەوە دەكات
سەڵاح محەمەد: سوێدییەكان پێیان سەیر بوو كورد گۆرانی تایبەتی بۆ منداڵان هەیە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەڵاح محەمەد هونەرمەندێكی دیار و دێرینی كوردستانە و زیاتر بە “مام عەوڵا” ناسراوە، لەگەڵ ئەوەی ساڵانی زوو بەرهەمی گۆرانی دڵداری و خۆشەویستی و فۆلكۆری زۆری هەبوو، بەڵام لە ساڵی 2000 بەدواوە خۆی بۆ هونەری منداڵان تەرخان كرد و كۆمەڵێك گۆرانی و سروودی بۆ منداڵان تۆمار كرد.
سەڵاح محەمەد، كە خەڵكی وراتی كۆیەیە، ئاوازدانەر و تێكستی زۆریشی نووسیوە، لە بارەی رووكردنە دنیای هونەری منداڵان دەڵێت، بایەخ بۆ هونەری منداڵان كەم بوو، بۆیە روویكردە ئەو بوارە، جگە لەوە پێی وایە هونەرمەند هەرچەندە دەنگی خۆش بێت و باش گۆرانی بڵێت، بەڵام كە تەمەنی گەورە بوو، پیر بوو، دەموچاوی مەرغوب نییە و ناگونجێ هەموو جۆرە گۆرانییەك بڵێت.
مام عەوڵا دەڵێت “لەم ساڵانەی دواییدا شاندێكی سوێدی هاتبوونە كوردستان، كە باسی كاری هونەریی منداڵمان بۆ كردن، پێیان سەیر بوو ئێمە وەك كورد گۆرانی تایبەت بە منداڵمان هەیە”.
ئەو دەڵێت، “مامۆستای جامیعەیە هەیە دوو شیعری لەبەر نییە، بەڵام ئێمە لە پۆلی شەشی سەرەتایی بووین و پەنجا شیعرمان لەبەر بوو”.
مام عەوڵا میوانی ئەمجارەی پۆدكاستی “دەرزی و داو”ی تۆڕی 964 بوو، باسی لە ئەزموونی كاری هونەری و كۆمەڵێك بابەت و بەسەرهات و زمان و فەرهەنگی كوردی دەكات و بۆتان لوقمانی پێشكەشكاریش زوو زوو بە پرسیارەكانی دەیوروژێنێت.
تەواوی پۆدكاستەكە لەم لینكەوە ببینە.