وەزارەتی شارەوانی:

“لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا دار و دیوار مەكەن بە سیكۆتین و لەزگە و بزمار”

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری كوردستان داوا دەكات لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دار و دیوار پیس نەكەن و سیكۆتین و لەزگە بۆ هەڵواسینی پۆستەرەكان بەكارنەهێنن.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ یەكشەممە 22.9.2024 چەند رێنماییەکی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد و داوا دەكات حزب و كاندیدەكان پێیوە پابەندبن.

رێنماییەكان بەم جۆرەن:
1-  رێگە نادرێت لایەنە سیاسییەکان وێنە و پۆستەری کاندید و حزبەکانیان لەسەر دیوار، ستوون و بەربەستە گشتییەکان بە بزمار، سیکۆتین و لەزگە هەڵبواسن.
2-  رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی ناو پارکەکان بە هەر شێوەیەک بێت.
3- رێگە نادرێت بە بەکارهێنانی قوم، چیمەنتۆ و بلۆک بۆ راگرتنی تابلۆ و کەرەستەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
4- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی تابلۆ و پۆستەر لەسەر هێماکانی هاتوچۆ.
5- رێگە نادرێت شوێنەوار و ناوچە شوێنەوارییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار بهێنرێن.
6- رێگە نادرێت پۆستەری کاندیدەكان لەسەر دیواری فەرمانگە حکومییەکان، مزگەوت، زانکۆ و قوتابخانەکان هەڵبواسرێت.
7- هەر شارەوانییەک سەرباری ئەو رێنماییانە، دەتوانێت رێنمایی تایبەت بەخۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵکی گشتی و پاراستنی پاکوخاوێنی دەربکات.
8- دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر کاندیدێک بەرپرسیارە لە لێکردنەوە و پاککردنەوەی وێنەکانی.
9-  ئەگەر کاندیدێک پابەند نەبێت، ئەوا پۆستەرەکانی لە لایەن تیمی شارەوانی لادەبرێن و دووچاری سزای یاسایی دەبێتەوە.

كوردۆ شابان بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە 946ی وت، “لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو ئەزموونی ناخۆشمان لەگەڵ شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردن هەبووە و دار و دیوار و شوێنە گشتییەكان ناشیرن كراون و دوای هەڵمەتەكەش زەحمەتیی زۆر بۆ تیمەكانی شارەوانی دروست بووە، بۆیە ئەمجارە رێنماییمان دەركردووە و داواكارین حزب و لایەن و كاندیدەكان پێوەی پابەندبن”،

هێشتا وادەی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریی نەكراوە، بەڵام پێشبینیی دەكرێت لەم هەفتەیەدا رابگەیەندرێت.

بڕیارە 20.10.2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و دوو رۆژ پێش ئەو وادەیەش دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.

پێنج كاندیدی دیكەی هەڵبژاردنی كوردستان دوورخرانەوە

پێنج كاندیدی دیكەی هەڵبژاردنی كوردستان دوورخرانەوە