لە 21%ی خەڵكی باتیفا نەخوێندەوارن

لە خولی فێربوونی خوێندەواری بەشداریی كرد و نامەی بۆ هاوسەرەكەی نارد

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

پەیمانگای ژێدەرێ زانینێ کە پەیمانگایێکی ناحکومیی بەهێزکردنی توانای قوتابیانە، دوو ساڵە خۆلی فێرکردن بۆ کەسایەتیە ناخوێندەوارەکانی قەزای باتیفا بێبەرامبەر دەکاتەوە، لە ساڵی رابردوودا 80 ژنی قەزاکە لە ئاستی سفرەوە فێری خوێندن و نووسینەوە كران، ئەمساڵیش دووبارە خولە بێبەرامبەرەکە کراوەتەوە و پێشبینی فێرخوازی زیاتر دەکەن.

بەپێی ئامارێکی پەیمانگاکە کە ماڵ بە ماڵ لە دەرگایان داوە و ئاماری نەخوێندەوارییان تۆمارکردووە، دەرکەوتووە لە قەزای باتیفا 21٪ نەخوێندەوارن و زۆربەی هەرە زۆریان ژنن و حەزیشیان هەیە فێری خوێندن و نووسینەوە ببن.

زەکەریا خەلیل، بەڕێوەبەری پەیمانگاکە بە 964 وت، “ئەوانەی جاری پێشووتر بەشداربوون، تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 50 ساڵی بووە و رێژەی هەرە زۆریان ژن بوون، ژن هەبووە هەر پیتەکانی نەدەزانی، دوای دەرچوون  لە خولەكە، بە نامە قسەی لەگەڵ هاوسەرەکەی دەکرد و کەرەستە و شتی ماڵەوەی بە نووسین لێ داوا دەكرد.

وتیشی، “ساڵی رابردوو 80 کەس فێری خوێندەواری كران و ئەمساڵیش زیاتر دەبن و خولەکەمان بەبێ بەرامبەرە و وەک خزمەتگوزارییەک بەردەوام دەبێت”.

روندک عەبدولستار، ژنێکی تەمەن 36 ساڵە و دەرچووی خولی ئەم پەیمانگایە بە 964 وت، “هەر نەمدەزانی پیت و وشە چییە، ئێستا هەموو نووسینێک بەبێ کێشە دەخوێنم، دوای دەرچوونیش بەردەوام راهێنان دەکەم تا ئاستەکەم بەرزبکەم و بتوانم بەپەلە نووسینەکان بخوێنمەوە، نەک وەک ئێستا لەسەر هەندێک وشە و رستە بوەستم”.

ئێستا دەرگای ناونووسین لە پەیمانگاکە کراوەیە و بەبێ بەرامبەر هەموو نەخوێندەوارێک دەتوانێت بەشداربێت، بە قسەی ئیدارەی پەیمانگاکە ئەوان کێشەی شوێنیان نییە و دەتوانن ژمارەیەکی زۆر وەرگرن و لەسەر چەند دەوامێک دابەشیان بکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزیری پەروەردە: رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێم 8% دابەزیو...

وەزیری پەروەردە: رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێم 8% دابەزیوە