ژمارەیان 1500 بۆ 2000 کەسە
وانەبێژە لادراوەکان دەکرێن بە گرێبەست؟
964+
وریا فەتاح
تائێستا فۆڕمى وانەبێژە لادراوەکان نەگەیشتووە بە پەروەردەکان، نوێنەرى مامۆستایانى گرێبەستیش دەڵێت،”هەموو هەولێکمان بۆ ئەوەیە وەک ئێمە بکرێن بە گرێبەست”.
دوێنێ 16.9.2024، فەرمانی بە گرێبەست بوونی مامۆستایانی وانەبێژی وەزارەتی پەروەردە تەواو کرا کە ژمارەیان 37 هەزار و 933 کەسە و سەرجەمیان داخلى سیستمى (E-PARWARDA) کرابوون، بەڵام 1500 بۆ 2000 وانەبێژى لادراو فەرمانى گرێبەستبوونەکە نەیان گرتووەتەوە.
عەلى رەئوف، نوێنەرى گشتیى مامۆستایانى گرێبەست بە 964ـى وت،”ئەو فۆڕمەى بڕیار بوو بۆ مامۆستایانى وانەبێژى لادراو بگاتە پەروەردەکان تا ئێستا نەگەیشتووە”.
“فۆڕمەکە بۆ ئەوەیە زانیارى و ژمارەى تەواوى وانەبێژانى لادراو بزانرێت تا ئەوانیش بگەن بە مافەکانیان”، عەلى رەوف واى وت.
وانەبێژانى لادراو کێن؟
بە وتەى عەلى رەئوف، هەموو ئەو وانەبێژانەن کە بەهەر هۆکارێک بێت وازیان هێناوە و لادراون، هەیانە بەهۆى کەمى بەشەوانە و بوونى مامۆستاى میلاک وازیهێناوە یان لادراوە، هەیانە بەهۆى مۆڵەتى دایکایەتى دورکەوتووەتەوە، بەڵام بەگشتى هەموو ئەو وانەبێژانە دەگرێتەوە کە داخلى سیستمى (E-PARWARDA) نەکراون.
بەپێى نوسراوێکى وەزارەتى پەروەردەى هەرێم کە لە 28.1.2024 ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى پەروەردەى کراوە، تێیدا داوا دەکات، پێویستە لە ماوەى 10 رۆژدا، زانیارى مامۆستایانى وانەبێژى دانەمەزراو لەناو سیستمى (E-PARWARDA) جێگیر بکرێن و بە دروستى پڕبکرێنەوە و ئەبدەیت بکرێنەوە.
وەزارەتى پەروەردە لە نوسراوەکەدا ئاماژەى بەوەش کردبوو، لە داهاتوودا وەزارەتەکەیان تەنیا کار بەو داتایە دەکات کە دەبێتە بنەماى مامۆستایانى وانەبێژ، لە حاڵەتى بوونى کەموکوڕى و کەمتەرخەمیەکیش لە داتاکەدا، بەڕێوەبەرى ناوەندى خوێندن و بەکارهێنەرى سیستم بەرپرسیارێتى لە ئەستۆ دەگرن.
لە سیستەمەکەدا، وێنە و پڕۆفایلى مامۆستایانى وانەبێژ و داخل دەکرێن و رۆژى 8.2.2024یش، سیستەمەکە لە بەشى وانەبێژان داخراو و رێگە نەدرا بە تۆمارکردنى هیچ داتایەکى نوێ.
وەزارەتى پەروەردە لە نوسراوەکەى ئەوکاتدا داواى لە وانەبێژان کردبوو کە پێویستە لە رێگەى ناوەندى خوێندنەکەى خۆیەوە بەدواداچوون بکات و هەر مامۆستایەکى وانەبێژى دانەمەزراو ناوى لە سیستمەکە تۆمار نەکات یان داتاکانى دروست نەبێت، هیچ پابەندبوونێکى بە وەزارەتى پەروەردەوە نابێت و بە مامۆستاى وانەبێژى دانەمەزراو دانانرێت.
کێشەکە چییە؟
ئێستا 1500 بۆ 2000 مامۆستاى وانەبێژ کە رۆژانێک لە قوتابخانەکان وەک وانەبێژ وانەیان وتووەتەوە، بەڵام دواتر بەهەر هۆکارێک بووە لادراون و ناویان لە سیستمى (ئى پەروەردە) تۆمار نەکردووە، لەناو ئەو لیستەدا نین کە دوێنێ کران بە مامۆستاى گرێبەست و ژمارەیان 37 هەزار و 933 کەسە.
وەک ئەوەى نوێنەرى مامۆستایانى گرێبەست بۆ 964 باسى کرد، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکى حکومەت باسیان لە چارەنوسى وانەبێژە لادراوەکانیش کردووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى هیچ داتایەکیان نەبووە هیچ بڕیارێک نەدراوە.
جەختیش دەکاتەوە، دواى پڕکردنەوەى فۆڕمەکە و زانینى ژمارەیان، لەهەوڵدا دەبن بۆ ئەوەى ئەوانیش وەک هاوڕێکانیان بگەن بە مافەکانیان.