نرخەکەی بووە بە ئاگر
عێراق و هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵدا 52 تۆن زێڕیان کڕیوە
964+
ئەحمەد مستەفا
زێڕ تا دێت خۆی گرانتر دەکات، ئەوە لە کاتێکدا دوایین خشتەی ئەنجومەنی زێڕینی جیهانی روونی دەکاتەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان،”لەماوەی ساڵانی 2022-2023 و تا مانگی ئەیلوولی 2024، بڕی 51.9 تۆن زێڕیان کڕیوە”.
زۆرینەی ئەو زێرە، لە تورکیا و ئیماراتەوە هێنراونەتە ناو خاکی عێراق.
کڕینەکە بەمجۆرە بووە، “لە ماوەی ساڵی 2022دا 33.9 تۆن زێڕ، لەکاتێکدا لە ساڵی 2023دا 12.3 تۆن زێڕیان کڕیوە، لە ساڵی 2024دا 5.7 تۆن زێڕی کڕیوە، کە لە مانگی شوباتدا 3.1 تۆن بووە، لە مانگی ئایاردا 2.6 تۆن زێڕ”.
نرخی زێر لەم ساڵدا بەڕێژەی 24% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، هەر دوێنێ زێڕ بەرزترین نرخی لە مێژوودا تۆمارکرد و یهك ئۆنسه 20 دۆلار بهرزبوهوه و گهیشته 2,578 دۆلاری ئهمریكی، له بازاڕهكانی ههرێمی كوردستانیش نرخی مسقاڵێك زێڕی عهیار 21 گهیشته 550 ههزار دینار، لە کاتێکدا یەک ساڵ پێش ئێستا نرخی یەک مسقاڵ زێری عەیارە 21 بە 430 هەزار دینار بوو.
ئەنجومەنی زێڕی جیهانی کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، ئەزموونێکی بەرفراوان و زانیاری قووڵی لەسەر هۆکارەکانی گۆڕانی بازاڕ هەیە، ئەندامەکانیشی لە گەورەترین و پێشکەوتووترین کۆمپانیاکانی کانگاکردنی زێڕن لە جیهاندا.
پێشتر ئەنجومەنی زێڕی جیهانی رایگەیاندبوو، عێراق و 13 وڵاتی عەرەبی خاوەنی نزیکەی 1500 تۆن یەدەگی کانزای زەردن لە جیهاندا، ئەوەشی وتبوو، “عێراق لە ریزبەندی 30هەمین وڵاتە، لە کۆی 100 وڵاتی جیهان”، یەدەگی ئەو زێڕەی هەڵیگرتووە، 142.6 تۆن بووە.