لە شوقە مارکەکەی دەگۆڕێت و لە دوکان ساغی دەکاتەوە

964+

توانا نەقی

بڕێکی زۆری دەرمانی جوانکاری و چارەسەری نەخۆشیی دەستی بەسەردادەگیرێت، قایمقامیەتی سلێمانیش دەڵێ: دەرمانەکان ماوەیان بەسەر چووە و دەستکاری ماوەکە و کوالێتی و بڕاندەکەشی کراوە.

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون، دەستیانگرت بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی جوانکاری و چارەسەری نەخۆشیدا کە دەستکاری مارکە و بەرواری بەسەرچوونی کراوە.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بە تۆڕی964ی رایگەیاند: لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (دییە سیتی) لە شاری سلێمانی دەستیانگرتووە بەسەر ئەو دەرمان و کەرەستەی جوانکاریانەدا.

وتیشی، لەلایەن خاوەنەکەیەوە دەستکاری بڕاند و بەرواری بەسەرچوون و شوێنی دروستکردنی کراوە ئینجا فرۆشتوویەتی و ساغی کردوونەتەوە.

تۆڕی964 دەزانێت، جگە لە بەسەرچوونی کەرەستە جوانکارییەکان، بڕاند و لۆگۆی کەرەستەکانیشی کردووە بە بەریتانی، ئەڵمانی و کەنەدی.

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان ئەوەش دەڵێت: سێ کەسیان دەستگیر کردووە،  خاوەنەکەی رۆژانە ئەو مەوادانەی دەستکاری کردوون، بە جانتای سەفەر گواستوویەتییەوە بۆ دوکانەکەی لە گەڕەکی بەختیاری و فرۆشتوویەتی..

کەلوپەلەکان کە سەرجەمیان بابەتی جوانکاری و کۆزماتیکی ژنانن، لە بەر زۆرییەکەی هێشتا نازانن بڕەکەی چەندە و کاتێکی باشی دەوێت بۆ جیاکردنەوە و دەستنیشانکردنی بڕەکەی.

رێکان جەمال، وتی، دوکانەکە داخراوە و  ئەو سێ  کەسەش تەواوی رێکارە یاساییەکان دژیان دەگرنەبەر و سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن.