بۆ سەنتەرى ئۆتیزم

لە کفرى 30 کەس وەک فەرمانبەرى گرێبەست دامەزران

964+

وریا فەتاح

لە قەزاى کفرى 30 کەس بە شێوەى فەرمانبەرى گرێبەست بۆ سەنتەرى ئۆتیزم دامەزران و 400 کەسیش فۆڕمى دامەزراندنى پڕکردبووەوە.

ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەرى گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان بە 964ـى وت، “لیستی ناوی پاڵێوراوان بۆ دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست بۆ سەنتەری ئۆتیزمی کفری راگەیەنرا، لە کۆى 400 کەس کە فۆڕمەکەیان پڕکردبووەوە، 30 کەس هەڵبژێردراون”.

روونیشى دەكاتەوە، هەر کەسێک ناوى نەهاتووەتەوە و هەست دەکات مافى خوراوە، دەتوانێت لە ماوەى سێ رۆژدا، 16 بۆ 18ـى 9ـى 2024، سەردانى بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی و گەشەپێدانی کفری بکات، بە مەبەستی تانەدان و دووبارەکردنەوەى ژمارەى خاڵەکانى.

“دامەزراندنەکە بە شێوەى گرێبەستە و ئەو 30 کەسەى ناویان هاتووەتەوە، لە سەنتەرى ئۆتیزمى حکومى کفرى دەوام دەکەن، سەنتەرەکە بە بینایە و کەلوپەلەکانییەوە تەواو بووە و کارمەند و فەرمانبەرى نەبوو”، ژیلوان عادل واى وت.

بە وتەی ئەو، لە سنوورى ئیدارەى گەرمیان بەپێى ئامارە نافەرمییەکان 350 کەسى ئۆتیزمیان هەیە و لەو ژمارەیەشدا دەوترێت 50یان دەکەونە قەزاى کفرى، بەڵام بە فەرمى تائێستا 25 ئۆتیزم تۆمارکراون.

لە قەزای کفری سەنتەری ئۆتیزم کرایەوە

لە قەزای کفری سەنتەری ئۆتیزم کرایەوە