هاتوچۆی سلێمانی: کامێرای پۆینت تو پۆینت لەناو شار دانەنراوە

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی سلێمانی له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، كامێرای چاودێریی خێرایی تیژڕه‌وی “پۆینت تو پۆینت” ته‌نیا له‌ رێگه‌وبانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار داده‌نرێت لە ئێستادا و ئه‌وانه‌ی ناوشار كامێرای ئاساییشن.

ئەمڕۆ شەممە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، “لەبارەی کامێراکانی چاودێریی خێرایی، کە تێیدا شێوازی کارکردنی ئەو کامێرایانە و راستکردنەوەی ئەو ھەڵە تێگەیشتنانەی پێشتر کرابوون لە میکانیزمی کارکردنیدا، كه‌ به‌ (پۆینت تو پۆینت) ناسراوه‌، راستیی بابەتەکە ئه‌وه‌یه‌ تەنیا لە رێگه‌وبانەکانی دەرەوەی شار کاری پێ دەکرێت”.

هه‌روه‌ها هاتووه‌، “ئەو سیستمە لە کارکردنی کامێرای خێرایی لەناو شاری سلێمانی پەیڕەو ناکرێت، ھەندێک پەیج بە مەبەست و بە ئەجێندایه‌كی مەبەستدار و ئاڕاستە کراو، راستییەکانیان بەلاڕێدا بردووه‌”.

“ئه‌و کامێرایانه‌ی ئێستا لە زۆرینەی شەقامە سەره‌کی وگۆڕەپان و گەڕەکەکانی ناوشاری سلێمانی لە قۆناغی دانانن، بە ھیچ جۆرێک پەیوەندیی بە ھاتوچۆ و بواری خێرایی و شۆفێرییه‌وه‌ نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی باری ئەمنی و ئاسایشی شاری سلێمانییە”، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی سلێمانی وا ده‌ڵێت.

هه‌روه‌ها دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌، کارکردنی کامێراکانی خێرایی بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر، دانانی 225 کامێرایی چاودێریی خێراییە لەو جێگه‌یانەی، کە پێویستی بە سیستمی پۆینت تو پۆینتە لە سنووری رێگه‌وبانەکانی دەرەوی شار، كە بەپێی ئامارەکان، گیانلەدەستانی ھاوڵاتیان بە ڕووداوەکانی ھاتوچۆ پشک و رێژەیه‌كی زۆری هه‌یه‌.

پێشتریش عەمید سەعدوڵڵا عەزیز بەڕێوەبەری کارگێڕیی ھاتوچۆی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاندبوو، “ئەو کامێرایانەی لە ناو شاری سلێمانیدا دانراون ھیچیان کامێرای ھاتوچۆ نین، سەرجەمیان کامێرای چاودێریی ئاسایشی سلێمانییە و خەڵک لێی تێکچووە”.