ژنه‌كه‌یشی حاشای لێكرد

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

هاوژینی یاریزانی بەڕازیلی دانی ئەلڤێس، وێنه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كه‌ لە ئەکاونتی خۆیدا له‌ ئینستاگرام سڕییه‌وه‌، كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرتوویانه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئالڤێس به‌ تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر كچێك خرایه‌ زیندانه‌وه‌.

ئەلڤێس بەرگریکاری هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەڕازیلی، له‌وه‌ته‌ی هەینیی رابردووه‌وه‌ دەستگیر کراوه‌، دوای ئەوەی لە بنکەیەکی پۆلیسی شاری بارسێلۆنا لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا سەبارەت بە تۆمەتەکانی دەستدرێژی سێکسی، هەروەها یانەی پوماسی مەکسیکی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یاریزانە هەڵوەشاندەوە.

ئالڤێس هێشتا تۆمه‌ته‌كه‌ی به‌سه‌ردا ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ده‌ستگیر كراوه‌ و دیار نییه‌ كه‌ی ئازاد ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك له‌ میدیاكان به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانیارییه‌كانی پۆلیس بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌یسه‌لمێنن ئالڤێس كارێكی له‌م جۆره‌ی له‌گه‌ڵ كچێكی ته‌مه‌ن 24 ساڵان له‌ یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ له‌ ئیسپانیا كردووه‌.

تۆڕی هه‌واڵی TYCـی ئەرجەنتینی بڵاویكرده‌وه‌، جوانا سانز، هاوژینی یاریزانەکە زۆربەی وێنەکانی لەگەڵ هاوژینه‌كه‌ی له‌ ئه‌كاونتی خۆی له‌ ئینتساگرام سڕیوەتەوە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویكرده‌وه‌، دانی ئەلڤێس له‌ ناو زیندان سه‌رقاڵه‌ و خه‌ریكی واژووكردنی وێنه‌ و یادگارییه‌ بۆ زیندانییه‌كانی دیكه‌، كه‌ به‌شێكیان هانده‌ر و هه‌واداری یاریزانه‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ئالڤێس خۆی له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ گونجاندووه‌ و هیچ بێزارییه‌كی پێوه‌ دیار نییه‌.

ئەلڤێس، كه‌ ئێستا ته‌مه‌نی 39 ساڵه‌، لە ساڵانی 2008 تا 2016 یاریی بۆ یانەی بارسێلۆنا كرد، پاشان رووی له‌ چه‌ند یانه‌یه‌كی دیكه‌ی وه‌ك یوڤێنتۆس، پاریس سانجێرمان كرد، دواتر لە وەرزی 2021-2022 گەڕایەوە یانە ئیسپانییەکە، پێش ئەوەی روو لە مەکسیک بکات.

هه‌روه‌ها لە ساڵی 2006ـه‌و نوێنەرایەتی هه‌ڵبژارده‌ی سامبا ده‌كات 126 یاریی نێودەوڵەتی كردووه‌ و 8 گۆڵی تۆمار کردووە.