بەشی فریاکەوتن زۆرینە بووە

مانگی رابردوو هەر 24 کاتژمێرێک 1200 کەس چوونەتە نەخۆشخانەی شار

964+

ئەحمەد مستەفا

لە مانگی رابردوو “ئاب” هەر 24 کاتژمێرێك، نزیکەی هەزار و 200 کەس، بە مەبەستی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی شاری کردووە لە سلێمانی و زیاتر لە 50 نەشتەرگەری ئەنجامدراون.

زۆرینەی نەخۆشەکان چوون بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە و 95 هەزار و 454 شیکاری تاقیگەیی کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 4.9.2024، تەندروستی سلێمانی ئامارەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “مانگی رابردوو لە 1.8.2024 بۆ 31.8.2024، لەنەخۆشخانەی شار 36 هەزار و 287 نەخۆش سەردانیان كردووە، لەو ژمارەیە 27 کەس847 نەخۆش سەردانی بەشی فریاكەوتن و 7 هەزار 328 نەخۆش سەردانی بەشی ئۆپی دی و یەک هەزار 35 نەخۆش سەردانی بەشی گورچیلەی دەستكردی نەخۆشخانەكەیان كردووە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە”.

مانگی رابردوو 7 هەزار و 300 نەخۆش داخڵ كراون لەنەخۆشخانەی شار، لەو ژمارەیە 2 هەزار 370 نەخۆش لە بەشی فریاكەوتن و یەک هەزار و نۆ نەخۆش لەبەشی گورچیلەی دەستكرد و 1,154 نەخۆش لەبەشی نەشتەرگەری و 781 نەخۆش لەبەشی هەناوی و 669 نەخۆش لەبەشی شكاوی داخڵ بوون.

بە گوێرەی هەمان ئامار، هەر لەو ماوەیەدا لە نەخۆشخانەی شار هەزار و 622 نەشتەرگەری جۆراوجۆر و 119 نەشتەرگەری قەستەرە و 86 نەشتەرگەری شەبەكە و باڵۆن و 111 نەشتەگەری بۆ منداڵان ئەنجام دراوە، هەر لە هەمان مانگدا لە نەخۆشخانەی شار 95,454 شیكاری تاقیگەیی و 2,136 هێڵكاری دڵ كراوە، هەروەها 6,928 تیشك و 7,228 سۆنەر و 465 ئیكۆ و 779 چارەسەری سروشتی كراوە.

نەخۆشخانەی شار 20 بێدی بۆ بەشی فریاکەوتن زیادکرد

نەخۆشخانەی شار 20 بێدی بۆ بەشی فریاکەوتن زیادکرد