ژینگەى هەولێر پاکبووەتەوە؟
یەک مانگ بەسەر بڕیارى داخستنى 138 پاڵاوگە نایاساییەکەدا تێدەپەڕێت
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ یەک مانگى رەبەق بەسەر بڕیارى داخستنى 138 پاڵاوگە نایاساییەکەى پارێزگاى هەولێردا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەوەى هەیە کەس خۆى ناکات بە خاوەنى بڕیارەکە و ژینگەى هەولێریش لە دواى ئەو رۆژەوە لە هەڵبەز و دابەزدایە.
رۆژى 4.8.2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە بەردەم مایکى میدیاکان حەوت خاڵى خوێندەوە کە وەک بڕیار لە بارەى ژینگەى هەولێرەوە دەرکرابوون، سەرەکیترینیان داخستنى 138 پاڵاوگەى نایاسایى بوو.
تۆنى پارێزگارى هەولێر لە خوێندنەوەى بڕیارەکان بە شێوەیەک بوو، دەبوایە وەک خۆیان دەیانوت لە نزیکترین کاتدا پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن، بەڵام ئەمڕۆ یەک مانگ تێدەپەڕێت، هیچ داتایەکى فەرمى نییە بۆ داخستنى پاڵاوگە نایاساییەکان.
964 لەم بەدواداچوونەیدا سۆراغى بڕیارەکەى کرد، دوو جار پەیوەندى بە ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێرەوە کرا، بەڵام وەڵامى نەبوو، مەسعود کاڕەش لە وەڵامى پەیوەندییەکەى 964 جێگیرى پارێزگار وتى،” ئەو دۆسیەیە لاى من نییە و لە راگەیاندنى پارێزگاى وەربگرە”، راگەیاندنى پارێزگاى هەولێریش دەڵێت، ئەو بابەتە لاى قایمقامى هەولێرە.
964 قسەى لەگەڵ نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامى هەولێر کرد، ئەو وتى،”پاڵاوگە نایاساییەکان زۆربەیان کەوتوونەتە سنوورى مەخمور و گوێر”، پێشتریش لە لێدوانێکى دیکەیدا بە 964ـى وتبوو،”لە سنوورى هەولێر سێ پاڵاوگەى نایاسایى هەبوون و دامانخستن”.
وەک ئەوەى قایمقامى هەولێر باسى دەکات، لەدواى بڕیارەکەوە ژینگەى هەولێر “فەرقى” کردووە و بەرەو پاکبوونەوە چووە، بەڵام ئەوە پڕۆسەیەکى درێژخایەنە و تەنیا پاڵاوگە نایاساییەکانیش هۆکارى پیسبوونى ژینگە نین.
قایمقامى هەولێر باسى لەوەشکرد، پرسى پاڵاوگە نایاساییەکان لاى، هێمن قادر جێگرى پارێزگارى هەولێرە، 964 دوو جار پەیوەندى پێوەکرد و وەڵامى نەدایەوە.
بەپێی پێوەری (IQAIR) رادەی پیسی کەشوهەوای هەولێر لە ماوەی ئەم مانگەدا لە هەڵکشان و داکشاندا بووە، رۆژی 7ـى ئاب واتا سێ رۆژ دواى بڕیارەکە، پێوەرەکە (101)ـى خوێندووەتەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستەو بە کەشی ناتەندروست حیسابە، رۆژی 18ـى ئاب ژمارەکە دابەزیوە بۆ (61)، رۆژی 25ـى مانگ دەگاتەوە (92)و ئەمڕۆ (64) پلەی خوێندووەتەوە.
ئای کوی ئەیر، بوونی تەپوتۆزو دوکەڵی زۆرو دوانەئۆکسیدی کاربۆن لەهەوادا دەکاتە پێوەر بۆ دیاریکردنی ئاستی خاوێنی یان پیسبوونی کەشوهەوا.
بەشێکى زۆرى پاڵاوگە و کۆگاکانى سووتەمەنى کە بەشێوەى نایاسایی کار دەکەن، کەوتوونەتە سنوورى قوشتەپە، 964 لە بەرپرسانى قەزاکە زانیارى وردى دەستکەوتووە و دەردەکەوێت لەو 138 پاڵاوگە و کۆگایانەى ناویان هاتووە، 33 دانەیان لە سنوورى قوشتەپەن.
لەگەڵ بڕیارەکە 13 پاڵاوگەى نایاسایى و 10 کۆگاى سووتەمەنى داخراون و 10 پاڵاوگەى تریش، کە تۆمارکراون، لەو سنوورە ئیش ناکەن و تەنیا شوێن و کەلوپەلەکانیان هەیە و پێیان وتراوە کار نەکەن.
بڕیارەکان ئەمانە بوون:
یەک: 138 پاڵاوگەى نایاسایى لە هەولێر هەیە و لەمڕۆوە هەرهەمویان دادەخرێن، ئەوانەشى پابەند نەبن بە بریارەکەوە رووبەڕووى سزا یاسایى دەبنەوە و دەستگیر دەکرێت.
دوو: ئەو پاڵاوگانەى یاساین، ماوەى 10 رۆژ مۆڵەتیان پێدەدرێن کە دەبێت تەواوى مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن و هەموو کەمووکوڕییەکانیان چارەسەر بکەن، بەپێچەوانەوە رێکارى یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
سێ: هەموو کارگەکان چ ئەوانەى کارگەى قیرن یان جۆراوجۆرن دەبێت دەستبەجێ دەست بە چارەسەرکردنى گرفتە ژینگەییەکان بکەن.
چوار: پێویستە مۆلیدەى گەڕەکەکان بە تەواوەتى رەچاوى لایەنى ژینگەیى بکەن، بەپێچەوانەوە جگە لە پێبژاردن خاوەن مۆلیدەکان دەستگیر دەکرێن و شوێنەکەشیان لێوەردەگیرێتەوە و نابێت گازى کوالێتى خراپیش بەکار بهێنن و ئەوانەشى مۆلیدەکانیان نەکردووە بە بێدەنگ، یەک هەفتە مۆڵەتیان هەیە.
پێنج: ئەو ئۆتۆمبێلانەى دوکەڵ دەکەن لەلایەن پۆلیسى هاتوچۆوە دەستیات بەسەردا دەگیرێت و بەڵێننامەش بە خاوەنەکەى پڕدەکرێتەوە کە دەبێت بە زوویى چارەسەرى بکات، جگە لە پێبژاردن و سزادانیش.
شەش: وێستگەى هەڵمى خەبات کە وێستگەیەکى حکومییە، داوامان لە وەزارەتى کارەبا و سامانە سروشتییەکان هەیە لە ماوەیەکى کورتدا مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکات، بەهەمان شێوەى پڕۆژەکانى کەرتى تایبەت دەبێت مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکات.
حەوت: لیژنەیەکى باڵا بە سەرۆکایەتى جێگرى پارێزگار لایەن پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە، بۆ چاودێریکردنى جێبەجێکردنى بڕیارەکان.
پاڵاوگەى نایاسایى
لە پاڵاوگەیەکی هەولێر کاری دەکرد
گەنجێک بەهۆی نەوتی رەشەوە گیانی لەدەست دا
جارێ هەر دەبێ چاوەڕێ بکەین
دوای 20 رۆژ هێشتا نرخی بەنزین وەک خۆیەتی و هەرزان نەبووە
27 رۆژ بەسەر بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان تێدەپەڕێت
هێشتا ژینگەی هەولێر پیسە و ئاسمانی تەمە
دوای 12 ساڵ پڕۆژەکە تەواو دەکرێت
کێشەی ئاوی خواردنەوەی قەزای دەربەندیخان چارەسەر دەکرێت
کەمتر لە 30 پاڵاوگە داخراون
14 رۆژ بەسەر بڕیارى داخستنى 138 پاڵاوگە نایاساییەکەدا تێدەپەڕێت
گواستنەوەی پاڵاوگەکان بۆ دەرەوەی شار
پارێزگاری هەولێر: سەرقاڵی دەستنیشانکردنی شوێنێکی گونجاوین
"زیاتر له 3 ساڵه بڕیارى داخستنیان دهرچووه"