لە 45 هەزارەوە تا 10 هەزار دینار
کرێى بەستنى پێوەرى ئاو لێخۆشبوونى بۆ دەرچوو و کەمکرایەوە
964+
شۆڕش قادرى
حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە کرێى بەستنى پێوەرى ئاو، لە 45 هەزار دینارەوە بۆ سەنتەرى شارەکان دەبێت بە 20 هەزار و بۆ قەزاو ناحیەکان دەبێت بە 10 هەزار دینار.
بە پێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕەزامەندیی لەسەر پێشنیارێكی دوو خاڵی وەزارەتەکە داوە كە بەهۆیەوە كرێی بەستنی پێوەری ئاو لە 45 هەزار دینارەوە لە سەنتەری شارەكان بۆ 20 هەزار و لە قەزا و ناحیەكانیش بۆ 10 هەزار دینار لێخۆشبوونی تێدا دەكرێت.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت: “ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەچاوكردنی دۆخی داراییی هاووڵاتییانە”.
بەگوێرەی خاڵی یەكەمی پێشنیارەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار “بڕیاری ژمارە 5980ی ساڵی 2022 سەبارەت بەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە كارا كرایەوە و لەمەودا بۆ بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارەكان بۆ هەر مانگێك تەنیا 20 هەزار دینار و لە قەزا و ناحیەكان تەنیا 10 هەزار دینار وەردەگیرێت كە پێشتر 45 هەزار دینار لە هاوبەشانی ئاو وەردەگیرا.
سەبارەت بە كەمكردنەوەی كرێی ئاو لە كەرتی بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیاری و پیشەی بچووك و دوكاندار و كاسبكاران، بەپێی ئەو بڕیارە، حكومەتی هەرێم دەرفەتی تازە بەو شوێنانە دەدات تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە و دەتوانن لەم بڕیارەی نوێیەی حكومەت سوودمەند بن بە بەستنی پێوەری ئاو.