لە زۆربەى گەڕەکەکانى دهۆک دزى کردووە
ژنێک لەسەر دزیکردن بە منداڵە 10 ساڵەکەى دەستگیرکرا
964+
وریا فەتاح
پۆلیسى دهۆک ژنێکى دەستگیرکرد کە منداڵە تەمەن 10 ساڵەکەى بۆ دزیکردن لە ماڵان بەکارهێناوە.
پۆلیسى دهۆک گرتە ڤیدیۆى دەستگیرکردنى تۆمەتبارێکى بڵاوکردەوە کە تێدا هێمن سلێمان، وتەبێژى پۆلیس قسەى لەبارەوە دەکات، دەردەکەوێت لەلایەن پۆلیسەوە تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە کە دەرۆزەکەر بووە و لەپاڵ ئەوەشدا دزى لە ماڵان کردووە.
هێمن سلێمان، لەبارەى ئەو تۆمەتبارەوە دەڵێت، دوو هەفتە چاودێرى ژنەکە کراوە و لە کامێراى چاودێریش تۆمارکراوە و دەرکەوتووە کە دزى لە زۆربەى گەڕەکەکانى دۆهۆک ئەنجامداوە.
وەک ئەوەى باسى دەکات، زۆرێک لە ماڵەکان نان و ئاویشیان پێداوە، بەڵام ژنەکە بە فرسەتى زانیوە ئەگەر خاوەن ماڵێک لە ماڵ نەبووبێت چووەتە ناو ماڵەکە و دزى کردووە و پارەو کەلوپەلى گرانبەهاى دزیوە.
ئێستا تۆمەتبار بە مادەى 444 لە یاسایى سزادانى عێراقى راگیراوەو سکاڵاى دوو هاوڵاتیشى لەسەرە .
وتەبێژى پۆلیسى دهۆک داوا لە هاوڵاتیان دەکات کە باوەڕ بەم کەسانە نەکەن.