ئەوانەی ئەندامی كاران

داوادەكرێت حكومەت زەوی بە رۆژنامەنووسان بدات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات، لەگەڵ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكومەت، زەوی بەسەر ئەو رۆژنامەنووسانەش دابەش بكرێت، كە ئەندامی كاران و فەرمانبەری حكومەتیش نین.

بژار حەكیم جێگری نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 2.9.2024 بە 964ی وت، “بە دەرفەتمان زانی لەگەڵ هەوڵەكانی حكومەت بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێم، ئەو داوایە ئاراستەی سەرۆكایەتی حكومەتی كوردستان بكەین، زەوی بە رۆژنامەنووسانیش بدرێت، ئەوانەی فەرمانبەر نین و ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسانن”.

وتیشی، ئەمە جاری یەكەم نییە داوای پێدانی زەوی بە رۆژنامەنووسان دەكەین، بەڵكو پێشتریش چەند جارێكی دیكە لە شارەكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی نووسراومان بۆ شارەوانی كردووە زەوی بۆ رۆژنامەنووسان تەرخان بكرێت، ئەوانەی تا ئێستا سوودمەند نین لە ئیمتیازی زەوی و شوقە.

رۆژی 27.3.2024 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان دابەشکردنی زەوی بوو بەسەر فەرمانبەران.

به‌ وته‌ی وەزیری شارەوانی، ساسان عه‌ونی، ماوەی 18 ساڵە زەوی بەسەر فەرمانبەران و موچەخۆرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە.

شارەوانی زەوی ئامادە دەکات بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمان...

شارەوانی زەوی ئامادە دەکات بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا