بڕۆن منداڵەکانتان تۆمار بکەن
لە دەڤەری راپەڕین چەند سەنتەرێکی ئۆتیزم دەکرێتەوە
964+
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ڕاپەرین، ئاگاداری ئەو خێزانانە دەکاتەوە کە منداڵی ئۆتیزمییان هەیە، سەردانیان بکەن بەمەبەستی پڕ کردنەوەی فۆڕمی تایبەت بە منداڵی ئۆتیزم، بە ئامانجی هەوڵدان بۆ کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە چەند شارێکی ئیدارەی راپەرین.
قایمقامییەتی قەزای رانیە رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی ڕاپەرین، لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆرمێکەوە، کە تایبەتە بە منداڵانی ئۆتیزم، داتا و زانیاری کۆدەکاتەوە، ئەمەش لە پێناو هەوڵدان بۆ کردنەوەی چەند سەنتەرێکی ئۆتیزم لە رانیە، قەڵادزێ و حاجیاوا.
دەشڵیت، لیژنەکان بۆ ماوەی 15 ڕۆژ بەردەوام دەبن لە ناو تۆمارکردن، لە رێکەوتی 1.9.2024 بۆ 16.9.2024، رۆژانە لە کاتژمیر9ـی بەیانی بۆ 12ەی نیوەڕۆ، پێویستیش ناکات منداڵەکە لەگەڵ خۆتان بەرن بۆ لیژنە تەنیا باوکی یان دایکی یان برا یان خوشک ئامادەبێت بەسە.
مەرجە بۆ تۆمار کردنی ناو ئەم بەڵگەنامانەتان پێبێت:
ـ بەڵگەیەکی پزیشکی کە بیسەلمێنێ منداڵەکە ئۆتیزمی ھەیە
ـ کۆپی کارتی نیشتیمانی منداڵەکە
ـ کارتی زانیاری
ـ پاسپۆرتی منداڵەکە (ئەگەر ھەیبوو)
ناونیشانی ئەو شوێنانەی کە ناوەکانی لێ تۆمار دەکرێت لە هەر سێ شارەکە:
رانیە ـ بەرێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێندانی کۆمەڵایەیی راپەرین ـ سەروی مزگەوتی خدر جاف.
قەلادزێ ـ بنکەی کەم ئەندامانی قەلادزێ ـ نزیک ئاسایشی قەلادزێ.
حاجیاوا ـ سەنتەری ئۆتیزمی حاجیاوا ـ تەنیشت ھۆڵی پرسەی سەردەم.