تەمەنی نزیکەی 70 ساڵە

پیاوێک لە دار و ئاسن کەرەستەی کلاسیک دروستدەکاتەوە

964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە

پیاوێک لە گەڕەکی کەکۆنی قەزای کۆیە تەمەنی 69 ساڵە و ماڵەکەی کردووە بە پێشانگەیەکی بچووکی ئامێر و کەرەستەی کلاسیکی کوردی، لە دار و پلاستیک و ئاسن بەشێکی ئەو ئامێرانە بە بچووکی دروست دەکات و لە ماڵەکەیدا نمایشی کردوون.

ئەو زۆر خەمخۆرە بۆ رابردووی ژیاری خۆی، دەیەوێت بە دروستکردنەوەی ئەو ئامێر و کەرەستانە هەنگاو بۆ پاراستنیان بنێ، ماڵەوەشیان بۆ ئەو کارە هاوکاری دەکەن.

ئەو پیاوە دەستڕەنگینە کوردۆ عەبدوڵایە ئەو بە 964ی وت، لە ساڵانی 90 کانەوە، من خولیای دروستکردنی ئەو ئامێرانەمان هەبوو، بۆ ئەوەی خەڵکی خۆمان بیری نەچێتەوە کە بە چ رۆژێک و سەردەمێکدا تێپەڕیوە و پێیدا هاتووە، بەشێکی زۆر ئەو کەلوپەلانە بریتیین، ( ئاش، جەنجەڕ، کانتۆری کوردی، ئامێری جووتکردن، دەستار، تەشی و زۆر ئامێری تر).

ئەم پیاوە دەست رەنگینە پێشتر کاری دروستکردنی کارتۆنی کردووە لە دوکانەکەیدا، کوردۆ عەبدوڵا لە ماڵەکەیدا، ژووری میوانی تایبەت کردووە بە نمایشی کەرەستە و کەلوپەلەکان، ئەو دەڵێت، “هەرکاتێک میوانیان دێت ئەو ئامێر و کەلوپەلانە دەبینن، زۆر پێی دڵخۆشن کە یادگاری زەمانی زوویان بیردەکەوێتەوە”.

ئەم پیاوە جگە لە ماڵەکەی کە بەشێکی کارەکانی تێدا ئەنجام دەدات، دوکانێکیشی لە بازاڕی کۆیە هەیە و لەوێدا بەشێکی دیکەی ئەو کارانەی لە ماڵەوە ئەنجام نادرێت لەوێ ئەنجامی دەدات، هاوڕێکانی کەلوپەل و داری بۆ دەهێنن کە کاریان پێ نامێنێت، دەیبەن بۆ ئەم پیاوە تاوەکو سوودی لێ ببینێت و لە دروستکردنەوەی کەلوپەلی نوێدا بەکاری بهێنێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

سەرتاشێکی هەولێر بەهۆی دەنگە خۆشەکەی موشتەری لێ نابڕێ...

سەرتاشێکی هەولێر بەهۆی دەنگە خۆشەکەی موشتەری لێ نابڕێت