وه‌زعى ترێی باشه‌ به‌ڵام هه‌نگوینى خراپه‌

دهۆك خۆى بۆ 17هه‌مین فێستڤاڵى ترێ و هه‌نگوین ئاماده‌ ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دهۆك ئاماده‌كارى ده‌كات بۆ به‌ڕێوه‌چوونى فێستڤاڵى ترێ و هه‌نگوین، له‌ئێستاوه‌ لیژنه‌ى جیاجیا ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌رى پارێرێزگاكه‌ ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ جوتیاره‌ به‌رهه‌مێنه‌ره‌كان قسه‌ده‌كه‌ن بۆ به‌شداریكردنیان له‌گه‌ڵ فێستڤاڵه‌كه‌، به‌ڵام به‌رپرسێكی كشتوكاڵى ده‌ڵێت “ئه‌مساڵ دۆخى هه‌نگوینیان باش نییه‌”.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه‌ كشتوكاڵى دهۆك به‌ 964 داوه‌، له‌ناو جوتیارانى ئه‌م پارێزگایه‌ زیاتر له‌‌ 120 جۆرى ترێ به‌رهه‌م ده‌هێندرێت، به‌ڵام باشترینه‌كه‌یان له‌و فێستڤاڵه‌ نمایش ده‌كه‌ن، ساڵى پار 50 جۆریان نمایش كرد و ئه‌مساڵیش به‌نیازن بیكه‌ن به‌ 60 جۆر.

جۆره‌ به‌ناوبانگه‌كانى نرێی دهۆك بریتین له‌ رەش، زەرد، تایفی، کەماڵی، حەلوانی، زەرکی، حیجازی، کشمشی، زەیتونی و کرینک و چه‌ندین جۆرى دیكه‌ش.

سه‌عدوڵا ئه‌حمه‌د ئه‌مین دۆسكى، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شی رێنمایی كشتوكاڵى له‌ دهۆك به‌ 964 ـى وت، ساڵى پار فێستڤاڵه‌كه‌ له‌ رۆژى 20.9.2023 به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌نیازن زووتر به‌ڕێوه‌ى ببه‌ن و پێده‌چێت ئه‌مساڵ له‌ 10.9.2024 سازبكرێت.

وتیشی “سه‌ردانیان بۆ لاى جوتیاری نموونه‌یی جوتیاره‌ ناوداره‌كان ئه‌نجامداوه‌ به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌كردنیان بۆ فێستڤاڵه‌كه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئامانج له فێستڤاڵه‌كه‌ پشتیوانیكردنه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان و به‌بازاڕكردنى و ساغكردنه‌وه‌یان.

روونیشیكرده‌وه‌ ئه‌مساڵ به‌رهه‌مى ترێیان زۆرباشه‌ و پێشبینى ده‌كه‌ن 25% به‌رهه‌مى ترێ له‌ به‌رهه‌مى ساڵى پار زیاتر بێت، بۆ هه‌نگوینیش ده‌ڵێت ئه‌مساڵ به‌رهه‌مه‌كه‌ى كه‌متر بووه‌.

به‌پێی ئامارێكى فه‌رمى كه‌ ئه‌مساڵ و ساڵانى پێشوو 964 له‌ كشتوكاڵى دهۆك وه‌ریگرتووه‌، له‌ 15 هه‌مین فێستڤاڵى ترێ و هه‌نگوینى دهۆك كه‌ له‌ ساڵى 2022 به‌ڕێوه‌چوو، 77 هه‌زار تۆن ترێ و نزیكه‌ى 150 تۆن هەنگوینیش بەرهەم هاتبوو، به‌ڵام ساڵى 2023 له‌ 16 هه‌مین فێستڤاڵیدا 60 هه‌زار نۆن ترێ به‌رهه‌مهاتبوو و هه‌نگوینیش 250 تۆن بووه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌رهه‌مى ترێ ده‌گاته‌ نزیكه‌ى 80 هه‌زار تۆن، به‌ڵام هه‌نگوینه‌كه‌یان له‌و رێژه‌ به‌رهه‌مى پار ساڵى كه‌متر ده‌بێت.

بەرهەمى ترێى جوتیارانى دهۆک 60 هەزا تۆنە

بەرهەمى ترێى جوتیارانى دهۆک 60 هەزا تۆنە