لەسەر سوچی کۆڵانێک دانراوە
دانانی ستوونێکی کارەبا لە خورماڵ نیگەرانی دروست کردووە
+964
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
فشاری زۆر لەسەر کارەبای گەڕەکی داڵانی خورماڵ، وایکرد فەرمانگەی کارەبای قەزاکە بڕیار بدات بە زیادکردنی فیدەرێکی نوێ بۆ ئەو گەڕەکە، بەڵام دانانی ستوونی کارەبای فیدەرەکە لە ناوەڕاستی شۆستەی پیادە و سەر سوچی کۆڵانێک، نیگەرانی دروست کردووە.
ستوونەکە لەسەر شەقامی سەرەکی چوون و هاتنی خورماڵە، دەکەوێتە سەر سوچی یەکێک لە کۆڵانەکان و چوونە ژوورەوە بۆ گەڕەکی داڵانی، تازە بە تازە دایانناوە و هێشتا پڕیان نەکردووەتەوە.
سەلام غەفور، دانیشتوویەکی چالاکوان و دانیشتوویەکی ناوچەکەیە ئەو بە 964ی وت، “خورماڵ بە ناوچەیەکی گەشتیاریی، مێژوویی و کەلتووری ناسراوە، دەبێت گرنگی زیاتر بە درەخت و سەوزایی بدرێت، ئەو شوێنەش گونجاو نییە بۆ ستوونی کارەبا سیمایەکی ناشرین دەدات بە شارەکە”.
ئەمە هەر بەتەنیا رای سەلام غەفوور نییە، پەیامنێری 964 ئەم هاوبەشییەی لە زۆرێک لە خەڵکی گەڕەکەکە بینی و بیستووە، کە داوا دەکەن، “شوێنکی دیکەی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە، وە یان لایەنی پەیوەندیدار تا زووە چارەسەرێکی گونجاوی بکات”.
کارەبای قەزاکە، 81 ملیۆن و 300 هەزار دیناری بۆ تەرخانکراوە تا فشار و لۆدی سەر گەڕەکەکە کەمبکاتەوە، ئامانج محەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبای خورماڵ بە 964ی وت، “بە زەحمەت توانیویانە رەزامەندی وەربگرن بۆ زیادکردنی ئەو فیدەرە، دانانی ستوونەکان بە رەزامەندی شارەوانی بووە و بە ناچاری لەسەر ئەو شۆستەیە دانراون”.
ئەو بەڕێوەبەری رەتی دەکاتەوە شوێنی گونجاوتر هەبن بۆ دانانی ستوونەکە، دەڵێت، “ھیچ شوێنێکی دیکە نییە بتوانین ئەو ستوونانەی لێ دابنێن”، بەوتەی ئامانج محەمەد، خەڵک داوایان لێ کردوون، ستوونەکان لە باخچەی تەنیشت شۆستەکە دابنرێت، کە ئەمە بە تەواوی نەگونجاوە و دواتر دەبێتە ھۆی شۆرتی کارەبا.
زیادکردنی ئەو فیدەرە نوێیە، 38 ستوونی پێویستە ئەوەی چاوی لەسەرە زیاتر، ئەو ستوونەیە کە چیرۆکەکەیتان خوێندەوە، ئێستا بەشێکی زۆر لە ستوونەکان دانراون و دواتریش جێگیردەکرێن، دوای تەواوکردنی پرۆژەکەش، کارەبای قەزاکە بەنیازە بە گڵۆپی جوانکاری و کلتووری، شۆستە و ستوونەکان بڕازێنێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا