ئاشناو و لێزانە

وەستا بۆتان رەنگەکان بۆ بۆیاخی ئۆتۆمبێل تێکەڵ دەکات

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

پیشەوەرێكی ئاشنا و لێزانە، 38 ساڵە لە رێگەی تێكەڵكردنی رەنگەكانەوە، بۆیەی ئۆتۆمبێل دەگرێتەوە و دەڵێت، “سەرەتا لە بۆیاخكردنی ئۆتۆمبێلی خزم و دۆست و برادەرەكانمانەوە دەستمان پێكردووە و ئەگەر كێشە و كەموكوڕی هەبووبێت دواتر چارەسەرمان كردووە”.

پێشووتر بەدەست بۆیەکەیان گرتووەتەوە، بەڵام ئێستا لەرێگەی وەرگرتنی كۆدی رەنگەكەیەوە، كە بە كۆمپیوتەر سكانی رەنگی ئۆتۆمبێلەكە دەكەن و كۆدی رەنگی ئۆتۆمبێلەکەیان بۆ دیاری دەكات.

لەبارەی دەستپێكی پیشەكەییەوە، بۆتان عارف، خاوەنکار بە 964ی وت، “سەرەتا كە دەستمان پێكرد بە پیشەكە ئەو سەلیقەیەی ئێستامان نەبوو، بۆ ئەوەی كێشە و گرفتمان بۆ دروست نەبێت لەگەڵ خەڵكی، بە بۆیاخكردنی ئۆتۆمبێلی خزم و هاوڕێ و دۆستەكانمان هاتینە ناو پیشەكە، سوپاس بۆ خودا ئێستا لەناو پیشەوەراندا ناسراوین و خاوەنی ناوبانگێكین”.

ئەو وەستایە لەسەر وردەكاری و دۆزینەوەی كۆدی رەنگەكان زیاتر دوا و وتی، “هەر رەنگێك كە دێتە بەردەستمان، لە رێگەی ئامێرێكەوە سكانی دەكەین و دەیگوازینەوە سەر كۆمپیوتەرەكە و گەڕانێكی بۆ دەكەین، بۆ ئەوەی كۆدی رەنگەكەمان بۆ دیاری بكات، وە دواتر رەنگێكی بۆ هەڵدەبژێرین، بەپێی ئەو رێژە و پێوەرەی كە كۆمپیوتەرەكە بۆی دیاری كردووین بۆیاخەكە دەگرینەوە و لەكۆتایشدا بە سڵایدێكی شوشە تێستی رەنگەكە دەكەین بۆئەوەی بەراوردی رەنگی ئۆتۆمبێلەكەی پێ بكەین”.

لەسەر چۆنیەتی تێكەڵكردنی بۆیاخەكەش، ئاماژەی بەوەكرد، “دوای دیاریكردنی كۆدی رەنگەكە بە كۆمپیوتەر، لەسەر تەرازووییەك بەپێی ئەو رێژەیەی بۆمان دیاری كراوە، رەنگەكان یەك بەدوای یەك بە گرام بە وردی تێكەڵ دەكەین و جوان تێكی دەدەین، وە تاوەكو وردتر بیت لە پێوانە و تەرازووی رەنگەكان، بۆیەکەمان جوانتر دەردەچێت”.

“رەنگی بڕۆنزی یەكێكە لە رەنگە زەحمەت و ناڕەحەتەكان لە كاتی گرتنەوەدا، ئەگەر وەستای بۆیاخچییەكە هاوكارمان نەبێت لە كاتی تێست كردن لەسەر ئۆتۆمبێلەكە، ئێمە بۆیاخەكەی بۆ ناگرینەوە، بۆیە تاقیکردنەوەی ئەساسە بۆ جوان دەرچوونی”، وەستا بۆتان وای بە 964 وت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا