كچه‌ یاریزانێكی ئێرانی په‌نا بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسپانیا ده‌بات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵلا – هه‌ولێر

یاریزانێکی شەترەنجی ئێرانی لە مەدرید په‌نای بۆ پێدرۆ سانچێزی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا برد، دوای ئەوەی بەبێ حیجاب به‌شداریی پاڵەوانیه‌تییەکی نێوده‌وڵه‌تی كرد، به‌ڵام ئاگاداركرایه‌وه‌ نه‌یه‌ته‌وه‌ ئێران.

سارا سادات خادم ئەلشەریعە، كه‌ به‌ سارا خادم نه‌نووسرێت، ته‌مه‌نی 25 ساڵه‌، سەرەتای ئه‌م مانگه‌ گەیشتە ئیسپانیا، دوای ئه‌وه‌ی لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەمی رابردوو لە پاڵەوانیه‌تیی خێرای شەترەنجی جیهانی و بلیتز لە شاری ئەلماتی پایتەختی کازاخستان بەبێ ئەوەی باڵاپۆشی بكات به‌شداریی كرد، ئه‌مه‌ش دژی یاسای توندی جلوبەرگی ژنانه‌ له‌ ئێران.

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسپانیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توویتەر، دوای میوانداریکردنی سارا خادم لە شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی خۆی لە کۆشکی مۆنکلۆا، نووسیویەتی “هەموو پاڵپشتییەکم بۆ پاڵەوانە وەرزشییەکانە، نموونەی ئێوە یارمەتیدەرە بۆ جیهانێکی باشتر”.

لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، سارا خادم دەبینرێت کە لەگەڵ سانچێز قسە دەکات و جلوبەرگی ڕەشی لەبەردایە و باڵاپۆش نییه‌، لە گرتە ڤیدیۆییەكی دیكه‌شدال دەرده‌كه‌وێت كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ شه‌تره‌نج ده‌كه‌ن.

ناڕەزایەتییەکان دژ بە ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێبران له‌ مانگی ئه‌یلولی رابردووه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، دوای ئه‌وه‌ی كچه‌ كورد ژینا ئه‌مینی لە لایه‌ن پۆلیسی ئەخلاق له‌ ئێران لێیدرا، دواتر له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی لەدەست دا، کە بە هۆی پابه‌ندنه‌بوو به‌ پۆشینی جلوبه‌رگی “شه‌رعی” له‌ ئێران، كه‌سوكاره‌كه‌شی پۆلیسی ئه‌خلاق به‌ هۆكاری مردنی كچه‌كه‌یان ده‌زانن.

سارا خادم لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەلپایسی ئیسپانی رایگەیاند، تەنیا لە پاڵەوانیه‌تییەکاندا حیجابی لەبەر کردووە کاتێک کامێرا هەبووە، چونکە نوێنەرایەتی ئێران دەکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە “بە حیجابەوە ئەوە من نیم و هەست بە باشی ناکەم، بۆیە ویستم کۆتایی بەم دۆخە بهێنم، بۆیە بڕیارمدا چیتر لەبەری نەکەم”.

بە گوێرەی ماڵپەڕی فیدا، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ فیدراسیۆنی شه‌تره‌نجی جیهانی، سارا خادم لە پلەی 771ی جیهاندایە، لە ئێرانیش پلەی نۆیەمی هەیه‌.