بڕیار دەرچووەو دەبێ ئەمساڵ بکرێ

16 پۆل وەزعی چەمچەماڵ دەگۆڕن

+964
عەزیز گۆپتەپەیی
چەمچەماڵ 10 ساڵە بەختی نەبووە لە بینای خوێندندا، بەڵام بۆ ئەمساڵ وەعدی 16 پۆلیان پێ دراوە، ئەگەر بکرێت شتێکی باش لە دۆخی خوێندن دەگۆڕێت.
ئەم 16 پۆلە لە یەک شوێنی دیارکراودا ناکرێت، بەڵكو دابەشکراوە بەسەر چوار قوتابخانەدا، هەر یەکێکیان چوار پۆلی تازەیان بۆ دروست دەکرێت.
دوان لەم قوتابخانە لە ناو سەنتەری چەمچەماڵدان (ئاریا و عەبدوڵا پەشێو)، دوانی تریان لە ناحیەی شۆڕشن (ئاڵا و ئامادەیی شۆڕش).
عەبدوڵا حەمە بەڕێوبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بە 964ی وت ”ئەم شانزە پۆلە قەرەباڵغی زۆر کەم دەکەنەوە، ئێستا هەر پۆلێکی ئەو قوتابخانانە سەروو 40 قوتابیان تێدایە، ئەم پۆلە تازانە تەواو بن، یەکی 10 قوتابی لە پۆلەکانی تر کەم دەکەنەوە”.
ئەم ئیشە هەمووی بەسەر یەکەوە سەروو 306 ملیۆن دیناری بۆ داندراوە، قەول وایە ئەمساڵ کە خوێندن دەستی پێکرد پۆلەکان حازربن.
بەڕێوبەری پەروەردەی چەمچەماڵ دەڵێت ”لە ساڵی 2014وە هیچ بینایەکی خوێندن لێرە دروست نەکراوە، ئەم پۆلانە زۆر سوودیان دەبێت”.