“رێگای مەرگ” دیسان دەوەستێت
964+
توانا نەقی
کۆمپانیای جێبەجێکاری دووساید کردنی رێگای نێوان کەلار دەربەندیخان هەڕەشەی دەستهەڵگرتن دەکات و دەڵێت ئەگەر پارەکانمان بۆ خەرج نەکەن ئیش ناکەین.
عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان بە تۆری964ی راگەیاند: کارکردن بە شێوەیەکی باش لە رێگاکەدا بەردەوام بوو، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانیان، کۆمپانیایەکە بە نوسراو ئاگاداریان کردینەوە کە لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەستلەکارکردن هەڵدەگرن.
وتیشی، کۆمپانیاکە بڕی زیاتر لە شەش ملیار دیناری لای حکومەتە، ئەوان داوای هەموی ناکەن بە جارێک بەڵکو داوا دەکەن وەک بەڵێنیان پێدرا بوو هەفتەی 200 ملیۆنیان بۆ خەرج بکرێت، بەڵام لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی پارەوە تا ئێستا 90 ملیۆنیان بۆ خەرجکراوە.
رێگاکە قۆناغێکی باشی بڕیوە و ئێستا لە 58٪ی کارەکانی تەواو بوون ئەگەر پارە بۆ کۆمپانیاکە خەرجبکەن ئەوا کارە سووکەکانی ماوە و تەواو دەبێت، عەدنان خەلیل وادەڵێت.
رێگای کەلار دەربەندیخان کە لەناو خاڵکدا بە “رێگای مەرگ” ناسراوە نزیکەی 10 ساڵە نەتوانراوە تەواوبکرێت و خەرجنەکردنی پارە بۆ پرۆژەکە ناهێڵێت چیرۆکی تەواونەکردنی بە کۆتا بێت.