نزیکەی 700 قوتابییان هەیە
گەڕەکی حاجیاوای کۆن هیچ قوتابخانەیەکی لێ نییە
+964
ژێوار خدر
گەڕەکی حاجیاوای کۆن، کە پێشتر گوند بووە و ئێستا بووە بە گەڕەکێک لە قەزای حاجیاوا، تاوەکو ئێستا لەو گەڕەکە هیچ قوتابخانە و باخچەی ساوایانێک بوونی نییە.
دانیشتووانی گەڕەکەکەش دەڵێن ئێمە نزیکەی 700 قوتابیمان هەیە و هیچ قوتابخانەیەکمان نییە، پێویستە بۆ خوێندن بچنە قوتابخانەکانی دەرەوەی گەڕەکەکە.
مەولود محەمەد دانیشتوویەکی ئەو گەرەکەیە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، منداڵەکانمان دەبێ لە شەقامێکی گشتی بپەڕنەوە بۆ ئەوەی بچنە قوتابخانە و زۆریش دوورە لە ماڵەکانمان، پێشتریش چەن قوتابییەک لەو شوێنە تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون و بەڕاستی ئەوەش مەترسی لەسەر ژیانی منداڵەکانمان درووست کردووە بۆیە داوا دەکەین قوتابخانەیەکمان بۆدرووست بکەن.
سوارە فەتاح، سەرۆکی شارەوانی حاجیاوا بە 964ـی وت، ئێمە وەک شارەوانی ئەوەی کە لەسەرمان بووە بۆ گەڕەکە بەپێی توانا جێبەجێمان کردووە و تەنیا %20ـی گەڕەکەکە تا ئێستا خزمەتگوزاری بۆ نەچووە.
سەبارەت بە کردنەوەی قوتابخانە، سەرۆکی شارەوانی حاجیاوا روونیکردەوە، ئێمە هیچ لاریمان نییە لە دابین کردنی زەوی بۆیان، بەڵام جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە لەسەر ئەرکی پەروەردەیە.
964 پەیوەندی کرد بە پەروەردەی راپەڕینەوە، یوسف جەلال راگەیاندنی پەروەردەی راپەڕین بە 964ـی وت، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، لە زۆر شوێن پێویستییان بە قوتابخانەیە ئێمە لە پلانی ساڵانەی خۆمان داوای کردنەوەی قوتابخانە دەکەین، بەڵام ئێستا بڕیاریش دەربچێت بودجە و پارە بەردەست نییە و ناچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.