رێگاوبانى راپه‌ڕین ده‌ڵێت؛ به‌م زووانه‌

رێگاى گونده‌كانى بنارى قه‌ندیل كه‌ى قیڕتاو ده‌كرێت؟

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى 964، ماوه‌ى ساڵێكه‌ باس له‌ قیڕتاوكردنى رێگاى گونده‌كانى بنارى قه‌ندیل ده‌كرێت، به‌پێی ئه‌و نووسراوه‌ فه‌رمیانه‌ى له‌ وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكرده‌وه‌ ده‌رده‌چن، پڕۆژه‌ى قیرتاوكردنه‌كه‌ ئه‌مساڵ ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ته‌نده‌ره‌ پێشكه‌شێكراوه‌كانى دراوه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ ده‌نگوباسێك بۆ ده‌ستپێكردنى پڕۆژه‌كه‌ نیه‌.

له‌ سنوورى بنارى قه‌ندیلدا زیاتر له‌ 50 گوند هه‌ن، زۆربه‌ى گونده‌كان خاوه‌ن رێگاى قیڕتاو نین، ته‌نانه‌ت له‌ زستاندا رێگاى زۆربه‌يان‌ به‌هۆى بارانه‌وه‌ تێكده‌چن و له‌وه‌رزى به‌هاردا چاكده‌كرێنه‌وه‌.

ده‌نگۆیه‌ك هه‌بوو گوایه‌ هیچ كۆمپانیایه‌ك پڕۆژه‌ى رێگاكانى بنارى قه‌ندیل، به‌هۆى نا ئارامی بناره‌كه وه‌رناگرێت،‌ كه‌ له‌ به‌شێكیدا هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ى لێیه‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وامیش فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى توركیا سنووره‌كه‌ بۆردومان ده‌كه‌ن.

964 هه‌موو ئه‌م پرسانه‌ى سه‌ره‌وه‌ى خسته‌ به‌رده‌م ئۆمێد حه‌مه‌ عه‌لى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رێگاوبانى ئیداره‌ى راپه‌ڕین، ئه‌ویش ئه‌وه‌ى ره‌تنه‌كرده‌وه‌ كه‌ دۆخى نائارامى سنووره‌كه‌ هۆكارێكی دواكه‌وتنى پڕۆژه‌كه‌ نه‌بووبێت، به‌ڵام ده‌ڵێت “ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ته‌ رێگرێكی ته‌واو له‌ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه‌”.

وتیشی “كه‌مێك رێكارى ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كۆمپانیاى جێبه‌جێكار ده‌ست به‌ پڕۆژه‌كه‌ بكات، ده‌نا هیچ كێشه‌و گرفتێكی له‌به‌رده‌مدا نییه‌”.

به‌پێی نووسراوێكى فه‌رمى كه‌ وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ رێكه‌وتى 26.5.2024  واژۆى كردووه‌، كۆمپانیایه‌ك ده‌ستنیشانكراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، كه‌بریتیه‌ له‌ (قیڕتاوكردنى رێگاى گونده‌كانى بنارى قه‌ندیل و دۆڵى شارشیان له‌ كورته‌ك – قه‌ڕناقاو كه‌ درێژی رێگاكه‌ 11.5 كیلۆمه‌تره)‌.

ئه‌و گوژمه‌یه‌ى كه‌ بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ته‌رخان كراوه‌ بریتییه‌ له‌ دوو ملیار و 789 ملیۆن و 150 هه‌زار دیناره‌ و كاوه‌ى جێبه‌جێ كردنى پڕۆژه‌كه‌ش 520 رۆژى رۆژژمێرییه‌.

رێگاى گونده‌كانى بنارى قه‌ندیل كه‌ى قیڕتاو ده‌كرێت؟

بنارى قه‌ندیل رێگاى كوێستانه‌كانى بۆ ره‌وه‌نده‌كان...

بنارى قه‌ندیل رێگاى كوێستانه‌كانى بۆ ره‌وه‌نده‌كان خۆشده‌كات