له‌ رێگه‌ى سیستمێكه‌وه‌

وه‌زاره‌تى كار داتاى ناو شه‌ڵته‌ره‌كانى ژنان كۆده‌كاته‌وه

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

پڕۆژه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى كار له‌ جێبه‌جێكردندایه‌، ئه‌ویش به‌ستنه‌وه‌ى فه‌رمانگاكانیه‌تى به‌ وه‌زاره‌ت له‌ رێگه‌ى نێتۆڕك و له‌ناویشیاندا كار به‌ سیستمێكی تایبه‌ت ده‌كات بۆ به‌ستنه‌وه ‌و كۆكردنه‌وه‌ى داتا و زانیاری ناو شه‌ڵته‌ره‌كانى دڵده‌دانى ژنان لە هه‌رێمی كوردستان.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ 964ـى داوه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا پێنج شه‌ڵته‌ری داڵده‌دانى كچان و ژنان هه‌ن، سێ دانه‌یان له‌ هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك بە شێوه‌ى به‌رده‌وام كراوه‌ن، دوو دانه‌ش له‌ ئیداره‌كانى راپه‌ڕین و گه‌رمیان به‌ شێوه‌ى 72 كاتژمێرین.

مه‌به‌ست له‌ 72 كاتژمێرى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كه‌یسێك روو له‌و شه‌ڵته‌رانه‌ بكات له‌ 72 كاتژمێر زیاتر نامێنێته‌وه‌.

ئاریان ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ 964ـى راگه‌یاند، تا ئێستا به‌ وردى و به‌ شێوه‌ى رۆژانه‌ داتاى شه‌ڵته‌ره‌كان نه‌گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ وه‌زاره‌ت، بۆیه‌ له‌ رێگه‌ى ئه‌م سیستمه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌م كاره‌ بكه‌ن.

سیستمه‌كه‌، ناوى GBV IMS و به‌ هاوكارى رێكخراوی UNFPA ـى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، جێبه‌جێ ده‌كرێت.

وتیشی “كه‌سی وا له‌و شێڵته‌رانه‌ هه‌یه‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌ و گرفته‌كه‌ى كراوه‌، به‌ڵام وه‌ك داتا له‌ وه‌زاره‌ت تۆمار نه‌كراوه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، كۆكردنه‌وه‌ى داتاى شێڵته‌ره‌كان له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یه‌، كه‌ وه‌زاره‌ت ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ى سیستمى نێتۆڕكه‌وه‌ هه‌موو فه‌رمانگه‌كانى به‌ دیوانى وه‌زاره‌ت ببه‌ستێته‌وه‌.

به‌پێی دوایین ئامار كه‌ وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ 964ـى داوه‌، له‌ هه‌ر پێنج شه‌ڵته‌ره‌كه‌ى هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ى 60 كه‌یسی جیاجیای ژنان و كچان هه‌ن.

ساڵێكه‌ مامۆستایانى ئایینى له‌ناو چاكسازییه‌كاندا و...

ساڵێكه‌ مامۆستایانى ئایینى له‌ناو چاكسازییه‌كاندا وانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌