چیرۆکی جەباری دۆفرۆش

لە شیرەمەنی مانگا و بزن دۆی مزر دروستدەکات

964+

بڕوا مەجید – شارەزوور

جەبار عەبدوڵا تەمەنی 55 ساڵە لەسەر کورسی و دەفرێکی پڕ لەدۆدا، زیاتر لە 25ساڵە لەناو بازاڕی شارەزوور دۆ و بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەفرۆشێت، ئەوەی وایکردووە کڕیاری بەردەوامی هەبێت تامەکەیەتی.

لە بازاڕدا بە جەباری دۆفرۆش ناودەهێنرێت.

جەبار عەبدوڵا بە 964ی وت، “بەهۆکاری ئەوەی دۆکەی مزرە، کڕیارەکانی بە دڵییانە، ئەوەش وایکردووە بەردەوام داوای بکەن و موشتەری تایبەتی هەبێت”، ئەو لە گوندەکانی شارەزوور دۆ و بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەکڕێت و دەهێنێتە ناوبازاڕی قەزاکە.

جیاواز لە دۆییەکان، جەبار هەندێکجار ماستەکان بە جیا دەکات بە دۆ و دواتر لەگەڵ شوویت و قەزوان تێکەڵی دەکات و دەیکاتە نایلۆنەوە و کیسەی تایبەت بەخۆی، پاشان دەیخاتە ساردکەرەوەوە و ئێوارانیش لەناو بازاڕی قەزاکە کیسەی بە هەزار دینار دەفرۆشێ.

جەبار دەڵێت، “دۆی مانگا شیرینە و دۆی بزن ترشە، من هەردووکیان بەپێی پێویست تێکەڵ دەکەم، بۆ ئەوەی تامی دۆکەم مزربێت، بەو جۆرە خەڵکی حەزیان لێیەتی و بەکیسە دەیفرۆشم، جیاواز لە کیسەش بە دەبەش شیرەمەنی یەک لیتری بە هەزار دینار دەفرۆشم”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا