جوتیاران دڵخۆشن
بەرهەمی سماقی خۆمانە لە برادۆست زیادی کردووە
+964
ئاکام غەفور- سۆران
ئەمسال دەڤەری برادۆست خاوەنی بەرهەمێکی جوانی سماقە و بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی کردووە.
ئێستا کە کاتی پێگەیشتنی سماقە و جوتیارانی سیدەکان بە دڵخۆشییەوە سەرقاڵی رنینەوەی سماقن، لە سنووری قەزای سیدەکان بەرهەمی ئەمساڵی سماق هەم جوانە و هەم رێژەکەی زۆرە.
سابیر شێخۆ، جوتیارێکی سیدەکانە، بە 964 وت، چەند ساڵێکە باخی سماقم هەیە، ساڵانی رابردوو بەرهەمەکەی وەک ئەمساڵ جوان نەبوو.
وتیشی، “سماقی سیدەکان سماقی دێمییە و خۆماڵییە، ساڵانەش نرخی کیلۆیەکی لە نێوان پێنج هەزار بۆ حەوت هەزار دینارە.”
عەبدولڕحمان مستەفا، بەرپرسی هۆبەی کشتوکاڵی سیدەکان، بە 964ـی وت، “بەرهەمی سماق لە سیدەکان ئەمساڵ بەرهەمێکی زیاتری هەیە و جوانتریشە”.
باس لەوەش دەکات، کەشوهەوای دەڤەری برادۆست گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی سماق و دەڵێت، ”سماقی سیدەکان یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی سماق لە کوردستان”.
لەسەر بەرهەمی ساڵانەی سماق لە ناوچەکە، کشتوکاڵی سیدەکان ئاماری وردیان لەبەردەستدا نییە، جوتیارانیش دەڵێن، “مەزندە دەکرێت ساڵانە دوو تۆن بەرهەمی سماق هەبێت لە دەڤەرەکە، ئەمە جگە لە سماقی چیای خواکوڕک کە هەر لە سنووری سیدەکانە، بەڵام بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا، جوتیاران ناتوانن بەرهەمی سماقی ئەو ناوچەیە بشکێننەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری