دوو کارمەند توشى پێکان بوون

بە چوار کاتژمێر لاشەى ورچە کوژراوەکە هێنرایە خوارەوە

964+

ئاکام غەفور- سۆران

لەلایەن 45 کارمەندى بەرگرى شارستانییەوە، بە چوار کاتژمێر لاشەى ورچە کوژراوەکەى پرژێ لە سنوورى باڵەکایەتى هێنرایە خوارەوە، بەرگرى شارستانى سۆرانیش دەڵێت، ورچەکە پێشتر بەهۆى تەقەمەنییەوە بەشێکى قاچى پەڕیبوو.

کاروان میراودەلى، وتەبێژى بەرگرى شارستانى سۆران بە 964ـى وت،”بە نۆ تیمى پێنج کەسى، توانیمان بە ماوەى چوار کاتژمێر لاشەى ورچە کوژراوەکە بهێنینە خوارەوە”.

ئاکام غەفور، پەیامنێرى 964 یاوەرى تیمەکە بووە و لە کاتژمێر 4ـى ئێوارە تا کاتژمێر هەشت، تیمەکە بە پێى رۆشتوون و بە درێژاى دوو کیلۆمەتر و نیو بۆ سێ کیلۆمەتر، بە دەست لە رێگەى ئامێرى تایبەتەوە ورچەکەیان هێناوەتە خوارەوە.

وەک کاروان میراودەلى باسى دەکات، کێشى ورچەکە 250 بۆ 300 کیلۆ بووە و 25 لەسەدى لاشەکەى تێکچووە.

“لە کاتى هێنانە خوارەوەى ورچەکەدا، دوو کارمەنمان توشى پێکان بوون”، کاروان میراودەلى واى وت.

رۆژى 13ـى ئەم مانگە دەرکەوت ورچەکەى سنوورى باڵەکایەتى کە جۆرێکى دەگمەنە بە چەک کوژراوە و دواتر دەنگدانەوەیەکى زۆرى لێکەوتەوە، بەڵام وەک فەرمانگەى ژینگەى سۆران بە 964ـى وتبوو، بەپێى بەدواداچوونەکانیان هەفتەیەک پێش 13ـى مانگ پێدەچێت کوژرابێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لاشەى ورچەکە دەهێنرێتەوە سۆران

لاشەى ورچەکە دەهێنرێتەوە سۆران