لە سۆران
ڤەیپ پووش و پەڵاشی گەڕەکێکی سووتاند
964+
ژێوار خدر
لە یەکێک لە گەڕەکەکانی قەزای سۆران، بەهۆی ڤەیپ(جگەرەی ئەلیکترۆنی)ـیەوە ئاگر لە پووش و پەڵاش کەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبوو.
ئەمڕۆ هەینی رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وت، بەهۆی فڕێدانی ڤەیپێک لە ناو پووش و پەڵاشی گەڕەکی خەباتی شەقامی پێشەوا قازی محەمەد، ئاگر دروستبووە و ئەو شوێنە سووتاوە.
روونیشیکردەوە، ڤەیپەکە لەناو پووشەکە فڕێدراوە و بەهۆی گەرماوە تەقیوە و ئەو شوێنەی سووتاندووە.
ئاگرەکە زوو لەلایەن بەرگری شارستانی سۆرانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و هیچ زەرەو زیانێکی گیانی و مادی نەبووە.
هەر ئەمڕۆ بەرگری شارستانی سۆران بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی لێچوونی غاز لە قنینەی غازەوە، ئاگر لە ماڵێکی گەڕەکی نەورۆزی قەزاکە کەوتەوە و جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.