فڕۆکەخانەی بەغداد
لە سبەینێوە
هەموو کەس دەتوانێت بە ئۆتۆمبێلی خۆی بچێتە ناو فڕۆکە خانەی بەغدا
ژێوار خدر
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، میکانیزمێکی نوێ بۆ چوونە ژوورەوەی ئۆتۆمبێل بۆ ناو فڕۆکەخانەکە پەیڕەو دەکات.
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، سبەی شەممە لە کاتژمێر 8:00ی بەیانییەوە، هاوڵاتییان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بڕۆنە ناو فڕۆکەخانەی بەغدادەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، رێڕەوی چوونە ژوورەوە بۆ فڕۆکەخانەکە دابەشکراوە بەسەر شەش رێڕەودا بۆ هاتووان و رۆیشتووان، فەرمانبەران، رێرەوێکیش بۆ بەشی VIP و یەکێکی دیکەشیان بۆ کۆمپانیاکان، جگە لە کۆریدۆرێک بۆ گواستنەوەی جانتاکان.
بەپێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق، جگە لە ماتۆرسکیل و بارهەڵگرەکان کە رێگە پێدراو نین، ئۆتۆمبێلەکانیش پێویستە مەرجی سەلامەتییان تێدا بێت و تاکسیەکانیش مۆدێلیان کۆن نەبێت، دەنا رێگە بە چوونە ژوورەوەیان نادرێت.
تەنیا ئەم جۆرانە بۆیان نییە بچنە ناو فڕۆکەخانە:
ماتۆڕی دوو تایی و سێ تایه
هەر ئۆتۆمبێلێک مەرجی سەلامەتی تێدا نەبێت
تاکسی خوار مۆدێل 2023.