مۆمیا دەکرێ

زانیاری نوێ لەسەر کوژرانی ورچەکەی پڕژێ

+964
ئاکام غەفور-سۆران

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ورچەکەی پڕژێ کە 964 وەک یەکەم میدیا کاری لەسەر ئەو بابەتە کرد، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمڕۆ زانیاری نوێ لەسەر ورچەکە بڵاو دەکاتەوە.

” لاشەی ورچەکە دەهێنینە خوارەوە و مۆمیا دەکرێت و سود لە ئێسکپەیکەرەکەی وەردەگیرێت، لەدوای ئەوە لە پارکی ناشنال جوگرافی هەڵگورد کە لە چۆمانە دادەندرێت.”

ئەحمەد بارزان، قایمقامی قەزای چۆمان، بە 964ـی وت، ”پەڕاوی لێکۆلینەوە بۆ ئەو بابەتە کراوەتەوە، بکەرانی سزا دەدرێن”.

وتیشی، هێنانە خوارەوەی لاشەی ورچەکە کارێکی قورسە، چونکە کێشی زۆرە و لە شوێنێکی دوورە دەستە لە سەرووی کوێستانی پڕژە، شوێنەکە پێی دەوترێت کوێستانی وێزێ و هیچ شتێک پێی ناگات بەهۆی ئەوەی تەنیا چەند مەترێکیش لە سنووری وڵاتی ئێرانەوە دوورە ناتوانین هێلیکۆپتەر بەکاربێنین.

لای خۆیەوە هەژار ماهیر، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران، بە 964ـی وت، ”هەرچەندە دۆزینەوەی ئەو کەسە کارێکی قورسە، بەڵام سزای ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجام داوە بە پێی یاسای راوکردن کە ساڵی 2023 دەرچووە، بە 10 ملیۆن دینار سزا دەدرێت و ئەگەر کەسەکە فەرمانبەر یان لە سلکی سەربازی بێت، سزاکەی دوو بەرامبەر دەبێت و لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە”.

دەشلێت، لاشەی ورچەکە دەهێنینە خوارەوە و مۆمیا دەکرێت و سود لە ئێسکپەیکەرەکەی وەردەگیرێت.
قایمقامی چۆمانیش ئاماژەی بەوە کرد، دوای مۆمیا کردنی ورچەکە لە پارکی ناشناڵ جیۆگرافی هەڵگورد کە لە چۆمانە دایدەنێین.

بەپێی وتەی فەرمانگەی ژینگە، ئەو ورچە ، ورچی قاوییە و یەکێکە لە ورچە دەگمەنەکان و لە جیهاندا مەترسی لە ناوچوونی لەسەرە، لە هەرێمی کوردانیشدا لە کوێستانەکانی باڵەکایەتی، چیای زاگرۆس، شارباژێڕ، پێنجوێن و برادۆست دەرکەوتووە..

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

ورچە دەگمەنەکەی باڵەکایەتی بە کوژراوی دۆزرایەوە

ورچە دەگمەنەکەی باڵەکایەتی بە کوژراوی دۆزرایەوە