22 داری بەتەمەنی بڕیوەتەوە
ژینگەی هەڵەبجە بەدوای سەرپێچیکارێکدا دەگەڕێت
964+
ژێوار خدر
لە یەکێک لە گوندەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، 22 داری بە تەمەن بڕاونەتەوە و ژینگەی هەڵەبجەش لێکۆڵینەوەی دەستپیکردووە و بەدوای بکەرەکەیدا دەگەڕێت.
”بچوکترین داریان تەمەنی 40 ساڵ دەبێت.”
فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە، دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی سەرپێچیکارەکە، لیژنەی سەرپێچییە ژینگەییەکانی فەرمانگەکەیان، بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای هەڵەبجەو بەشی کشتوکاڵی ناحیەی بیارە، سەردانی گوندی هاوارە کۆن (ئەو گوندەی کە دەراکانی لێ بڕاوەتەوە)یان کردووە لە ناحیەی بیارە.
بەپێی راگەیاندراوەکەی ژینگەی هەڵەبجە، هەموو دارەکان زۆر بە تەمەنن و بچوکترینیان نزیکەی 40 ساڵ دەبێت.
دەشڵێن، لیژنەکە ڕێکاری ئیداری توندی گرتووەتە بەر و سەرپێچیکار سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا لە سەیرانگای ئەحمەدئاواش بەهەمان شێوە چەند دارێک بڕابوونەوە و بکەرەکەیان دیار نەبوو، ئەو کاتە 964 پەیوەندی بە سەرهەنگ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجەوە کرد، ئەو وتی، لێکۆڵینەوەمان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی بکەرەکە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرەداوێکمان دەست نەکەوتووە.