ئەمڕۆ لە هەولێر خەڵات كرا

سەعدون یونس بۆ 964: هەرگیر واز لە رەخنەگرتن ناهێنم

+964
ئەحمەد شەمزین – هەولێر

هونەرمەند سەعدون یونس لە كاتی خەڵاتكردنی لە هەولێر، رایگەیاند هونەرمەندانی هەولێر چانسیان هەیە ئەویان هەیە و هیچ كاتێكیش واز لە رەخنەگرتن ناهێنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 12.8.2024 سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان – لقی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر، خەڵاتی تایبەتی پێشكەش بە هونەرمەند و دەرهێنەر سەعدون یونس كرد.

سەعدون یونس هونەرمەند و شانۆكار، لە لێدوانێكدا بۆ 964 رایگەیاند، وەرگرتنی خەڵاتەكە واناكات واز لە رەخنەگرتن بهێنێت و بەردەوام دەبێت.
وتیشی، “من 60 ساڵە رەخنە دەگرم و دەنووسم، قسەم لەسەر هەموو شتەكان هەیە، من بەو شێوەیە جوانم”.
هەروەها دەڵێت، هونەرمەندانی هەولێر چانسیان هەیە و دەبێت دڵخۆش بن، چونكە سەعدون یونسیان هەیە.
لە لای خۆیەوە هیوا سوعاد سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بە 964ی وت، پلانمان وایە هەموو هونەرمەندەكان خەڵات بكەین، ئەوكاتەی هونەرمەندە بەئەزموونەكان تەواو بوون، دواتر هونەرمەندە گەنجەكانیش خەڵات دەكەین”.
سەعدون یونس، خەڵكی هەولێرە و  یەكێكە لە هونەرمەندە دێرین و ناسراوەكانی كوردستان، بە رۆڵی “رەجەب” لە چیرۆكی تەمسیلی “هەبوو نەبوو” لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو زۆر ناسرا، لە دەیان كاری دیكەی شانۆیی و تەلەڤزیۆنی وەك ئەكتەر و دەرهێنەر كاری كردووە و زیاتری 50 ساڵە لە بواری هونەردا كار دەكات، لەم ساڵانەی دواییش روویكردە ئەوروپا و لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و زوو زووش سەردانی كوردستان دەكاتەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ (رەجەب) خەڵات دەكرێت

ئەمڕۆ (رەجەب) خەڵات دەكرێت