پاککەرەوەکان موچەیان لێبڕاوە

پاککردنەوەی نەخۆشخانەکانی گەرمیان راگیرا

+964

میلاد جەلال – گەرمیان

کارمەندانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکانی کەلار و کفری لەبەردەم سەندیکای کرێکاران گردبوونەوە، لەدژی ئەوەی کۆمپانیا پاککەرەوەکە ھەر مانگێک 100 ھەزار دینار لە موچەکانیان پاشەکەوت دەکات، دەڵێن، “ئیتر نەخۆشخانەکان خاوێن ناکەینەوە”.

ئەو کرێکارانە ژمارەیان 129 کەسن، مووچەی مانگانەیان 350 ھەزار دینارە، بەڵام لە 1.8.2023ـوە، مانگانە 232 ھەزار دیناریان پێدەدرێت.

عەزیز عوسمان، کارمەندی پاککەرەوەیە لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار بە 964ـی وت، “کۆمپانیاکە 17500 دینارمان لێدەبڕێت مانگانە بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ ئەوەشدا 100 ھەزار دیناری ترمان لێدەبڕێت و کۆمپانیاکە دەڵێت بۆتان پاشەکەوت دەکەین”.

دەشڵێت، “کۆمپانیای پاککەرەوەکە پێی وتوین، حکومەت پارەکەی من بە تەواوی نادات بۆیە ئەویش لە موچەی کرێکارەکان دەبڕێت”

ئەو کارمەندە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەمڕۆوە بایکۆتی پاککردنەوەی نەخۆشخانەکانیان کردووە و تاوەکو مووچەکانیان چارەسەر نەکرێت ناگەڕێنەوە نەخۆشخانەکان.

عەدنان محەمەد، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، لەبارەی گردبوونەوەی ئەو کرێکارانە بە 964ـی وت،”مافی خۆیانە بایکۆت بکەن، چونکە ھیچ یاسایەک نیە کە کۆمپانیا موچەی کرێکار پاشەکەوت بکات”.

وتیشی،”پارێزەری ئەو کرێکارانە ئەبین تاوەکو مافەکانیان وەردەگرنەوە”.

پێداچوونەوە: هاوبەش

کرێکارانی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی خورماتوو مانیان گر...

کرێکارانی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی خورماتوو مانیان گرت