نازاندرێ خنكاوه یان ونبووه؟
بوو به 65 رۆژ و (مه‌ریه‌م) هه‌ر نه‌دۆزرایه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ماوه‌ى 65 رۆژه كچێكى ته‌مه‌ن 14 ساڵان به‌ناوى مه‌ریه‌م له‌سنوورى قه‌زاى چۆمان ونبووه، تیمه‌كانى به‌رگرى شارستانى به‌هه‌ردوو ئاڕسته‌ى وشكانى و ئاوى بۆى ده‌گڕێن، تا ئێستا نه‌یاندۆزیوه‌ته‌وه.
مه‌ریه‌م ئیسماعیل، له رۆژى 6.6.2024 لە کەرکوکەوە، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا بۆ گەشت و سه‌یران چوبوونه گوندى ئێنێ لە سنووری چۆمان، بەڵام لە کاتژمێر 1:00ـی شەو دیار نامینێت، كچەكە نەخۆشیی بیرکۆڵی هەبووە، هه‌ندێك ده‌ڵێن كه‌وتووه‌ته ناو رووبار خنكاوه، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن بێسه‌روشوێن بووه.
رائید ره‌وه‌ند هاودیانى، وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى ئیداره‌ى سۆران به 964ـى راگه‌یاند، گه‌وره‌ترین كێشه‌ى ئه‌وان له نه‌دۆزینه‌وه‌ى ئه‌م كچه ئه‌وه‌یه كه تاوه‌كو ئێستا نازاندرێت خنگاوه یاخود ونبووه.
رووبارێك له‌و گونده هه‌یه كه خێزانه‌كه‌ى مه‌ریه‌م گه‌شتیان بۆ كردبوو، بۆیه یه‌كێك له گومانه‌كان كه ئه‌م كچه خنكابێت ئه‌وه‌یه كه رووباریان لێوه نزیك بووه.
وتیشی “ماوه‌ى زیاتر له دوو مانگه هه‌ردوو تیمى تایبه‌تى وشكانى و ئاوی به‌داوى ئه‌م كچه‌دا ده‌گه‌ڕێن و نه‌یاندۆزیوه‌ته‌وه”.
وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى سۆران ده‌شڵێت، ماوه‌ى 13 ساڵه له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه، تاوه‌كو ئێستا هیچ حاڵه‌تێكى له‌مجۆره‌یان به‌خۆوه نه‌بینیوه به‌ڵام ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، به‌رده‌وام ده‌بن له گه‌ڕان تائه‌وكاته‌ى ده‌یدۆزنه‌وه.