ویستویانە تێکى بدەن
شوێنەوارناسێک: بەردە نیگارینەى نەرامسین نادزرێت
964+
وریا فەتاح
شوێنەوارناسێک دەڵێت، بەردە نیگارینەى نەرامسین نادزرێت و ئاسایش لە بەکارهێنانى ئەو دەستەواژەیە نەیانپێکاوە، دەشڵێت، بەپێى یاسا هیچ مۆزەخانە و ناوەندێکى ئەکادیمى لە دنیادا ناتوانێت نمایشى بکات.
بەپێى راگەیەنراوى دەزگاى ئاسایشى هەرێم، پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ لە ئەنجامى رووبەڕووبونەوەى مەفرەزەیەکى ئاسایش لەگەڵ چەند کەسێک کە بەمەبەستی دەرهێنان و بردنی شوێنەواری (نەرامسین) لە ناوچە شوێنەوارییەکە بوون، رووبەڕووی مەفرەزەکەی ئاسایش بونەتەوە و بەهۆیەوە دوو کارمەندى ئاسایش گیانیان بەخشیووە.
ئەوەى جێگەى پرسیار بوو لاى 964، دەستەواژەى دزینى ئەو بەردە نیگارینە بوو کە لە راگەیەنراوەکەى ئاسایشدا هاتووە، چونکە بەردە نیگارینەکە بە شاخێکەوە دروستکراوە و بەش بەش ناکرێت و لێناکرێتەوە و بەشێکە لە پێکهاتەى تاشەبەردەکە، بۆیە ویستمان بزانین ئایا ئەو بەردەنیگارینە دەدزرێت؟.
جوتیار ئەحمەد، ماستەر لە شوێنەوارناسى بە 964ـى وت، ئەوەى روویداوە بۆ دزى و بردنى ئەو بەردە نیگارینە نەبووە، چونکە ئەو بەردە نیگارینە بەهیچ شێوەیەک نادزرێت، ئەوەى هەبووە، هەوڵێک بووە بۆ تێکدان و شێواندنى وەک ئەوەى سێ چوار ساڵ پێش ئێستا بە چەکى ئێم فۆڕ شێوێدرا.
لەبارەى راگەیەنراوەکەى دەزگاى ئاسایش کە وتبووى کۆمەڵێک کەس لە هەوڵى بردنى شوێنەوارى نەرامسین دا بوون، ئەو شوێنەوارناسە وتى،”ئاسایش لەو بابەتەدا پسپۆڕى نییە، دەبوو وتباى لە هەوڵى شێواندنى شوێنەوارەکەدا بوون، چونکە ئەو شوێنەوارە نادزرێت.
ئەو باسى لەوەشکرد، شوێنەوارەکە تۆمارکراوە و ناسراوە، هیچ بازرگان و مۆزەخانە و ناوەندێکى ئەکادیمى و رۆشنبیرى لە دنیادا ناتوانێت ئەو شوینەوارە نمایش بکات ئەگەر وەکخۆیان دەڵێن، بشدزرێت.
“بەردە نیگارینەى نەرامسین كە لەو شاخەدا هەڵكەندراوە نادزرێت و ناگوێزرێتەوە، بەڵكو تەنیا دەشكێنرێت، هەربۆیە مەبەست شكاندن و كاولكردنێتی نەك دزینی”، جوتیار ئەحمەد واى وت.
ئەو زانیارییەى لەبارەى بەردە نیگارینەى نەرامسینەوە هەیە ئەوەیە، کە ئەم پەیکەرە لە نێوان نەرامسین و پاشای ئوری سێیەم و پاشای لۆلۆییەکاندا یەکلایی نەبۆتەوە، بەڵام ئەوەى هەیە شوێنەوارێکی دێرینی کوردستانە لە پارێزگای سلێمانی و ناوچەى قەرەداغ.
لێکۆڵینەوەیەکى پەیمانگاى شوێنەوارى ئەڵمانیا کە لە شەستەکانى سەدەى رابردوو ئەنجامیداوە، بۆیان دەرکەوتووە ئەو وینەیەى لەسەر نەخشى چیاکە کێشراوە دەگەڕێتەوە بۆ 3260 – 2223ـى پێش زاین.
شوێنى بەردە نیگارینەکە لەسەر تاشەبەردێکى دەربەندى گاورى قۆپى قەرەداغ نەخشێنراوە کە 45 کیلۆمەتر لە قەزاى قەرەداغەوە دورە.
نەوشیروان مستەفا، لە کتێبى بەدەم رێگاوە گوڵچنین لەبارەى بەردە نیگارینەکەوە نوسیویەتى، “لە سەر بەردە نیگارینەکەی دەربەندی گاور هیچ نوسینێ، بە خەتی مێخی یا بە خەتێکی تر، نییە تا بکرێتە بەڵگەی ئەوەی بێ دودڵی بوترێ ئەم نەخشە هی نارام سینە یا هی کەسایەتیەکی ترە”.