بارزانی و پلاسخارد باسی هەڵبژاردنیان کرد

+964
كوردستان ئەحمەد – هەولێر

جێنین پلاسخارد، لەگەڵ سەرۆکی پارتی تاوتوێی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان کرد. بارزانی بە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانی وتووە کە پێویستە هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا بکرێت.

ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ جێنین پلاسخارد، نوێنەری نەتەوە یەكگرتەوەكان لە عێراق كۆبوونەوە.

دیدارەكە لە  سەلاحەدین و لە بارەگای بارزانی كراوە.
بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێ: لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵی عێراق و ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.

لە راگەیەنراوەکەی بارەگای بارزانی هاتووە کە کۆپییەکەی دەست تۆڕی964 کەوتووە، مەسعود بارزانی بە پلاسخارتی وتووە، بەلای پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بنەما و پڕەنسیپێکی نەگۆڕە بۆ شەرعیەت و حوکمڕانی، پێویستە ھەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا بکرێت.

 بارزانی وتویەتی، دەبێ رەچاوی ئیرادە و بەرژەوەندیی پێکھاتەکان بکرێت و بۆ بابەتی مافەکانیان لە ھەڵبژاردن نابێت لە دەرەوەی ئیرادەی پێکھاتەکان ھیچ شێواز و فۆڕمێک بەسەر پێکهاتەکانی کوردستان بسەپێندرێت.

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دوو وەرزی یاسادانان درێژ کراوەتەوە، بڕیاروایە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.