منداڵان خەونەکانیان بە کاری دەستی و تابلۆ دەنەخشێنن

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

بە بەشدری 10 باخچەی ساوایانی سنوری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری، فیستیڤاڵی ساڵانەی کاری دەستی و شێوەکاری و ئۆپێریتی بەڕێوەچوو.

 لەڤیستیڤاڵەکەدا کە ئەمڕۆ 25ی کانونی دووەم بەڕێوەچوو، چەندین کاری هونەری منداڵانی باخچەکان و مامۆستایانی تێیدا نمایشکراوە و وابڕیارە تاوەکو کاتژمێر چواری ئێوارە بەردەوام بێت.

 شەهلا سدیق، مامۆستای هونەر و نوێنەری باخچەی ساوایانی چەمچەماڵ بە تۆڕی964ـی وت “ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە گرنگە ساڵانە ئەنجامبدرێت بۆ هۆشیارکردنەوە و دەرخستنی توانای منداڵان، ئێمە وەک باخچەکمان بەچەندین کاری دەستی و شێوەکاری  بەشداریمان کردووە.

شێوەکارییەکان، بەچوار بەش دروستکراوە، لەسەر شێوەی ئەندازەیی،  چەتر، لەسەر کاغەزی چکلێت و لە شێوەی کیسەڵ وێنە کێشراوە، کارە دەستیەکانیش وەک خانو بەگڵ، دەستتاڕ ، تەنوری نان کردن و داری خێزانمان دروست کردوە.

عەبدوڵا حەمە، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بە تۆڕی964ـی راگەیاند، لەسنوری پەروەردەی چەمچەماڵ 11 باخچەی ساوایان هەیە، ئەمڕۆ بە بەشداری 10 باخچە ئەم ڤیستیڤاڵە کراوە.

وتیشی، تەواوی باخچەکان سێ هەزارو 200 خوێندکاریان هەیە، تێچووی ئەم ڤیستیڤاڵە ئیدارەی باخچەکان و پەروەردە بەشی چالاکی هۆبەکان سپۆنسەریان کردووە.

ڤیستیڤاڵەکە ساڵانەیە و هۆبەی چالاکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی چەمچەماڵ بەهاوکاری مامۆستایانی هونەر لەباخچەکان رێکی دەخا، ئەم ڤیستیڤاڵە بەبەشداری باخچەکانی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکیەی جەباری و تەکیەی کاکەمەند بەڕێوەدەچێت.