لە سێ زانکۆی کوردستان
تاقیگەکانى ئەکادیمیاى سیسکۆ بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا کرانەوە
+964
ژێوار خدر
تاقیگەکانى ئەکادیمیاى سیسکۆ، بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ئەمريکى لە هەر سێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کرایەوە، ئەو کەسانەی لەم تاقیگانە راهێنان دەکەن دەتوانن لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێو دەوڵەتی هەلی کار بەدەست بهێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە نۆ تاقیگەی ئەکادیمیای سیسکۆی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەر سێ شاری هەولێر، سلێمانی و دهۆک کردەوە، کە پێکهاتووە لە دروستکردنی سێ تاقیگەی زانستی بۆ هەرزانکۆیەکیان بە نوێترین ئامێری زانستی سەردەمییانە لە بواری گەیاندندا.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، ئەم پرۆژەیە تایبەتە بە دەستەبەرکردنی تەکنۆلۆژیای ئەمەریکی سیسکۆ لە بواری نێتوێرکینگ و سایبەر سکیوریتی، بۆ تاقیگەکانی کۆمپیوتەر لەو زانکۆیانە، ئەو کەسانەی لەم تاقیگانەدا راهێنان دەکەن دەبن بە خاوەنى بڕوانامەی ستانداردی نێودەوڵەتی و دەتوانن هەلی کار لە سەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن، چونکە هەموو ئەو کارامەییانەی لەم تاقیگانەدا فێری خوێندکاران دەکرێن، پێداویستيی هەنووکەیيی بازاڕی کاری کوردستان و ناوچەکە و جیهانن.
روونیشی کردووەتە، بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە، لە هەر دوو کەرتی گشتی و تایبەت بواری ئامادەکردنی کادری شارەزا و لێهاتوو لە ئاست پێداویستيی بازاڕ کاریان بۆ دەڕەخسێت، چونکە تاقیگەکان پێشکەوتووترین تاقیگەن کە لە سەر ئاستی ناوچەکە بوونیاد نراون.
حکومەتی ئەمهریکا بە بڕى یەک ملیۆن و 400 هەزار دۆلار، پاڵپشتی دارایی دانانی تاقیگەکانى ئەکادیمیاى سیسکۆی کردووە، پڕۆژەکە لەلایەن رێکخراوى (USAID) ئەمهریکی جێبەجێکراوە.
مامۆستایانى زانکۆکان و ستافی ناوخۆیی، راهێنانی تایبەتییان لە بوارەکانی: تێلیکۆمیونیکەیشن، ئاى تى و نێتۆرکینگ پێکراوە، بۆ ئەوەى بتوانن بە شێوەیەکى زانستى تاقیگەکان بۆ مەبەستى فێرکارى بەکاربهێنن.