ژمارەی کارەکان دیارینەکراوە
شوێنەواری زانکۆی سلێمانی هەلی کار بۆ دەرچووان رادەگەیەنێت
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی هەلی کار بۆ بەشێکی زۆری دەرچووانی بەشەکە رادەگەیەنێت و سەرۆکی بەشەکەی دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار هاوکاریان دەکات.
بەشەکە 11 ساڵە دامەزراوە و ئێستا زیاتر لە 200 دەرچووی دانەمەزراوی هەیە و ساڵانە نزیکەی 20 خوێندکار لەو بەشە وەردەگیرێن.
د.زریان حاجی، سەرۆکی بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار پێیوتوون ئەو دەرچووانە لەگەڵ ئەو تیمانەی زانکۆکانی وڵاتانی ئەوروپا دادەمەزرێنن کە بۆ کاری کنە و پشکنین دێنە هەرێمی کوردستان.
وتیشی، “ژمارەی هەلی کارەکان دیاری نەکراوە، بەڵام دەرفەتەکە بۆ هەموویانە و بەپێی پێویستی تیمەکان دەبێت، بەڵام بەپێی ئەزموونی ساڵانی تر هەلی کارەکان زۆرن و زۆرینەیان دادەمەزرێندرێن”.
ئەو دەرچووانەی بەشی شوێنەوار بە پێی وەرزی کارکردن لەگەڵ تیمەکان گرێبەستیان بۆ دەکرێت.
سەرۆکی بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی وتیشی، “ئەو خوێندکارانە لەگەڵ ئەو تیمانە ئەزموونی باش وەردەگرن و زۆرینەیان فێری زمان دەبن و دواتریش لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانییەوە کاری دیکەیان بۆ دەدۆزرێتەوە”.
فۆڕمی پڕکردنەوەی دامەزراندنەکە لە 8.8.2024 تا 16.8.2024 بۆ دەرچووانی ئەو بەشە بەردەست دەبێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش