لە هەرمۆتەوە کارەبایان بۆ نێردرا
دوای 13 ساڵ گوندەکانی سماقوڵی بەرزی و نزمی کارەبایان نامێنێ
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
دوای 13 ساڵ لە کەمی ڤۆڵتیە (بەرز ونزمی) و خراپی کارەباکەیان، دانیشتووانی گوندەکانی سماقوڵی بە تەواوی ئەو کێشەیان بۆ چارەسەر کرا، کە 122 ملیۆن دیناریش تێچووەکەی بووە.
راکێشانی لقێکی کارەبا لە وێستگەی هەرمۆتەی شاری کۆیە، کە بە 90 ستوونی کارەبا چووە بەرەو گوندەکانی سماقوڵی، چارەسەری کەمی ڤۆڵتیە و خراپی کارەباکەیان بۆ دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 2024.8.5، تاریق حەیدەری قایمقامی کۆیە بە 964ی وت، “کۆمەڵێک پڕۆژە کە دەبوو لەسەر ئەرکی حکومەت لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکرانایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سیولە لە بانکدا بەشێکیان کارکردن تێیدا وەستا، لەوانەش راکێشانی لقێکی کارەبا لە هەرمۆتەوە بۆ سێ گوندی سماقوڵی”.
باسی لەوەشکرد، “توانیویانە بودجەیەکی تایبەت دەستبەر بکەن لە داهاتی حکومەت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای گوندەکانی سماقوڵی کە بڕەکەی 122 ملیۆن دیناری تێچووە و ئێستا کێشەی کارەباکەیان چارەسەر بووە”.
کێشەی کەمی ڤۆڵتیەی کارەبای ئەو گوندانە، وایکردبوو کە هەر ماڵە و ئامێرێکی بەرزکردنەوەی ڤۆڵتیە بکڕن کە بڕەکەی دەگەیشتە 500 دۆلار، بەڵام دوای چارەسەرکردنی کێشەکەیان پێویستیان بەو ئامێرە نامێنێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا