چاوەڕێی تەلەفون بن
ئەم هەفتەیە تاپۆکردنی خانووەکانی حەوت گوندی سلێمانی دەستپێدەکات
964+
ژووری هەواڵ
شارەوانی سلێمانی ئاگاداری دانیشتووانی حەوت گوند دەکاتەوە کە لەم هەفتەیەدا تاپۆکردنی خانووەکانیان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ شەممە 3.8.2024، شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، دانیشتووانی گوندەکانی، کۆڵەبی، داربەڕوولە، کانی پان، کانی سەفەر، کەڵەوانان، جێشانە و باڵچووخ ئاگادار دەکاتەوە کە ئەوانەی لە ماوەی یاساییدا داواکارییان پێشکەش بە پارێزگای سلێمانی کردووە با ئیستینساخی کارتی نیشتمانی یان رەگەزنامە و پێناسی خۆیان و هاوسەریان لە ماڵەوە ئامادەبکەن و چاوەڕوانی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لیژنە لاوەکییەکانمان بکەن.
“ئەگەر ئەو ژمارە مۆبایلەتان گۆڕیوە کە کاتی خۆی لەسەر داواکارییەکە نوسیوتانە ئەوا سەردانی لیژنەی لاوەکیی سەر بە شارەوانییەکەتان بکەن بۆ دانانی ژمارەی نوێی مۆبایلەکەتان”، شارەوانی سلێمانی وا دەڵێت.
راشیگەیاند، زۆرینەی خانووی ئەو گوندانە بە رێژەی 5%ـی بەهای زەویی ژێر خانووەکە تاپۆ دەکرێت، واتە بەهای بینای خانووەکە هەژمار ناکرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی شارەوانی سلێمانی، یەکێک لە مەرجەکانی تاپۆکردن ئەوەیە کە داواکار خاوەنی بینای خانووەکە بێت، بۆیە ئەگەر کەسێک لە پاش داواکاریکردن خانووەکەی فرۆشتبێ و لەکاتی سەردانی لیژنە لاوەکییەکانماندا کڕیارەکە لە خانووەکەدا بێت ئەوا تاپۆکردنی خانووەکە رەت دەکرێتەوە، بۆیە مامەڵە بەو خانووانەوە مەکەن هەتا تاپۆ دەکرێت بەناوتانەوە.
شارەوانی سلێمانی دەشڵێت، گوندی داربەڕووڵە لە 29 گوندەکەیە کە حەرەمەکانیان فراوانکراوە، بۆیە ئەم بانگەوازە تەنها خانووەکانی دەرەوەی حەرەمی کادسترۆی ئەو گوندە دەگرێتەوە چونکە ناو حەرەمی کادسترۆی گوندەکە بە یاسای (ژمارە 12 ساڵی 2012) تاپۆ دەکرێت.