گەنجێکی حاجیاوا
بۆ گەشتی شاخەوانی چوو دوو کەوی رزگار کرد
964+
ژێوار خدر
دانیشتوویەکی قەزای حاجیاوا کە پیشەی مامۆستایە و چالاکوانی ژینگەیە، لەگەڵ هاوڕێیەکی بۆ گەشتی شاخەوانی روو لە کوێستانی مەنگوڕان لە چیای قەندیل دەکەن، چاویان بە دوو راوچی دەکەوێت کە دوو کەویان راو کردووە، هەر لەوێ بڕیار دەدات کەوەکان بکڕێت و بیانگەڕێنێتەوە بۆ سروشت.
رەوەند حەسەن ئەو کەسەی کەوەکانی ئازاد کردووە بە 964ـی وت، ئەو راوچیانە سێ رۆژ بوو داویان بۆ گرتنی کەوەکان نابووەوە، یەکێک لە کەوەکان دەنگی زۆر خۆش بوو، بۆیە نەمەویست دەست بەسەر بکرێ و لەوێ دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ راوچیەکە، رازیم کرد کەوەکانم پێبفرۆشێت و دواتریش هەر لەو شوێنە ئازادم کردن.
رەوەند حەسەن دەڵێت، راوچیەکان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و بە بڕی 70 هەزار دینار کەوەکانم لێ کڕین، پێشیان ناخۆش بوو کە راستەوخۆ کەوەکانم گەڕاندەوە بۆ سروشت بەڵام هیچییان پێ نەکرا.
”ئەوە یەکەم جارم نییە کەو ئازاد بکەم و پێشتریش لە دوو بۆنەی لە دایک بوونی جیاوازدا چەند کەوێکم ئازاد کردووە.” رەوەند حەسەن وای وت.