"دەیانەوێت لەوێ زەوی وەربگرن"

ھاوڵاتیان کارتی زانیارییەکانیان دەگوازنەوە بۆ کەلار

+964

میلاد جەلال – گەرمیان

دوای بڕیارێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، بەشێک لە ھاوڵاتیانی ناحیە و قەزاکانی سن،وری گەرمیان کارتی زانیارییەکانیان دەگوازنەوە بۆ قەزای کەلار، بەھۆی ئەوەی نرخی زەوی لە قەزاکەدا گرانە، شارەوانیی گەرمیانیش داوای راگرتنی دەکات.

964 دەزانێت لە دوای بڕیاری دابەشکردنی زەوی، مامەڵەی گواستنەوەی کارتی زانیاری بۆ قەزای کەلار زیادی کردوە.

سەرچاوەیەک لە نووسینگەی کارتی زانیاری لە کەلار، کە نەیویست ناوی بھێنرێت، بە 964ى وت، “مامەڵەی گواستەوەی کارتی زانیاری رانەگیراوە، تەنیا بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان راگیراوە، تا ئەمڕۆش مامەڵەی ھاوڵاتیانی سنووری ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدراوە”.

“لەدوای بڕیارەکەی حکومەت مامەڵەی ھاوڵاتیان بۆ گواستنەوەی کارتی زانیاریەکانیان بۆ سەر قەزای کەلار زیادی کردوە، لە ھەموو ناحیە و قەزاکانی سنووری گەرمیان مامەڵەی گواستنەوە دەکرێت، زۆرینەی مامەڵەکانیش دانیشتووانی قەزای کفرین”، ئەو سەرچاوەیە وای وت.

بە مەبەستی راگرتنی مامەڵەی گواستنەوەی کارتی زانیاری، شارەوانییەکانی گەرمیان ئەمڕۆ دووشەممە داوای لە ئیدارەی گەرمیان کردووە پرۆسەی گواستنەوە رابگیرێت.

بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان بە 964ى وت، “ئێمە ئەرکی خۆمان بەجێگەیاندووە و ئەمڕۆ بە نووسراو داوامان لە ئیدارەی گەرمیان کردووە، مامەڵەی گواستنەوەی کارتی زانیاری بۆ قەزای کەلار رابگیرێت”

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ نووسراوەکەمان کردووە و وەڵاممان نەدراوەتەوە، بەڵام کاتی دابەشکردنی زەوی ھەر کەسێک کارتی زانیارییەکەی تازەبێت و لەدوای بڕیارەکەی حکومەت گواستنەوەی کردبێت، بەدواداچوون دەکەین و لە شوێنەکەی پێشتری زەوی پێدەدرێت”.

وەزارەتی شارەوانی: هەنگاوەکانی دابەشکردنی زەویمان دەس...

وەزارەتی شارەوانی: هەنگاوەکانی دابەشکردنی زەویمان دەستپێکرد