"کۆمپانیاکە نەیویستووە مووچەکەیان بدات"

دوای حەوت مانگ 45 کرێکار مووچەی مانگێکی ساڵی رابردوویان وەرگرتەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

کۆمپانیایەکی پاککەرەوە لە گەرمیان، ساڵی رابردوو گرێبەستی لەگەڵ 45 کرێکار ئەنجامدابوو بۆ پاککردنەوەی زانکۆی گەرمیان و بەشە ناوخۆییەکان، دوای کۆتایی ھاتنی گرێبەستی کۆمپانیاکە، موچەی مانگی ١٢ی نەدابوو بە کرێکارەکان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەو کرێکارانە مووچەکانیان وەرگرتەوە، کۆی مووچەی کرێکارەکان 13 ملیۆن و 500 ھەزار دینارە، ھەر کرێکارێک مووچەکەی 300 ھەزار دینار بووە.

عەدنان محەمەد، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە 964ى وت،”ئەو کۆمپانیایەی گرێبەستی لەگەڵ ئەو کرێکارانە کردبوو سەرەتای ئەمساڵ گرێبەستەکەی کۆتایی ھات، بە بیانووی وەرنەگرتنی پارە لە بانک ئەوانیش موچە کرێکارەکانیان نەدابوو”

“ئەو کرێکارانە ھاتنە سەندیکا سکاڵایان تۆمارکرد، لەڕێگەی دوو پارێزەری خۆبەخشەوە کەیسەکەمان ناردە دادگا، بە بڕیاری دادوەر خاوەنی کۆمپانیاکە دەستگیرکرا و پارەکەشی گەڕاندەوە بۆ کرێکارەکان”، محەمەد عەدنان وای وت.

کرێکارەکان دڵخۆشبوون بەوەی دوای حەوت مانگ مافەکەیان وەرگرتووەتەوە، حەمەومین حسێن یەکێکە لەو کرێکارانە دوای وەرگرتنی موچەکەی بە 964ى وت،”سوپاس بۆخوا زۆر دڵخۆشم ئەمڕۆ موچەکەم وەرگرتۆتەوە کە کۆمپانیاکە پێی نەدابووین و مافی خۆمان بوو”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

کرێکارانی پاككه‌ره‌وه‌ کارەکانیان راگرتووە

کرێکارانی پاككه‌ره‌وه‌ کارەکانیان راگرتووە